وۆڵستریت جۆرناڵ: 20 هەزار کەس لە کەمپەکانی سووریا هەڵاتوون و بەشێکیان چەکداری داعش بوون

رۆژنامەیەکی ئەمەریکی ئاشکرای دەکات، بەهۆی لاوازیی رێکارە ئەمنییەکانەوە، نزیکەی 20 هەزار کەس لە کەمپەکانی باکووری رۆژهەڵاتی سووریا هەڵاتوون، کە بەشێکیان ئەندامانی رێکخراوی داعش بوون و ئەمەریکاش نیگەرانیی خۆی لە دۆخەکە دەردەبڕێت.

رۆژنامەی وۆڵستریت جۆرناڵی ئەمەریکی لە زاری چەند بەرپرسێکی ئەمنییەوە بڵاوی کردووەتەوە، لە ماوەی رابردوودا بە نزیکەی 15 بۆ 20 هەزار کەس لە کەمپەکانی باکووری رۆژهەڵاتی سووریا هەڵاتوون، کە بەشێکیان ئەندامی رێکخراوی داعش و گرووپە توندڕەوەکانی دیکە بوون.

رۆژنامەکە ئاماژەی بەوە داوە، مەترسیی ئەو کەسانەی هەڵاتوون لەچاو ڕابردوو زیاترە، چونکە لە ماوەی مانەوەیان لەناو کەمپی هۆڵ و کەمپەکانی دیکەدا، پەیوەندی و ئاشنایەتییان لەگەڵ توندڕەوەکانی دیکە پەیدا کردووە و تۆڕەکانیان فراوانتر کردووە.

لە بەشێکی دیکەی ڕاپۆرتەکەدا هاتووە، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا نیگەرانە لەوەی بەرپرسانی نوێی حکوومەتی سووریا نەیانتوانیوە وەک پێویست کەمپەکان کۆنتڕۆڵ بکەن، بەتایبەت ئەو کەمپانەی تایبەتن بە هێشتنەوەی کەسوکاری چەکدارانی داعش، ئەوەش بووەتە هۆی دروستبوونی کەلێنی ئەمنی و هەڵاتنی ئەو ژمارە زۆرە.