ترەمپ رێژەی باجی گومرگی بەسەر وڵاتان لە 10%ـەوە بۆ 15% بەرز کردەوە

سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بڕیاری دا ئەو باجەی پێشتر لەسەر کاڵا هاوردەکراوەکان لە سەرتاسەری جیهانەوە دیاریی کردبوو، لە 10%ـەوە بۆ 15% بەرز بکاتەوە.

رۆژی شەممە 21ـی شوباتی 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (تروس) نووسیویەتی: دوای چەندین مانگ لە بیرکردنەوە و تاوتوێکردن، گەیشتووەتە ئەو بڕیارەی کە رێژەی باج بگەیەنێتە 15%، کە بە گوتەی خۆی رێژەیەکی "تەواو رێپێدراو و یاساییە".

ترەمپ لە پەیامەکەیدا جەختی کردەوە: "لە ماوەی چەند مانگێکی داهاتوودا، ئیدارەی ترەمپ باجە نوێ و یاساییەکان دیاری دەکات و دەردەکات، ئەمەش درێژەپێدەری پڕۆسە سەرکەوتووەکەمان دەبێت بۆ بەهێزکردنەوەی ئەمەریکا، بە شێوەیەک کە لە رابردوو باشتر بێت."

سەرۆکی ئەمەریکا لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا، رەخنەی توندی لە بڕیارێکی پێشووی دادگای باڵای ئەمەریکا (SCOTUS) گرت، کە ئەو باجانەی هەڵوەشاندبووەوە کە ترەمپ بە شێوەیەکی تاکلایەنە سەپاندبوونی.

ترەمپ بڕیارەکەی دادگای باڵای بە "بڕیارێکی گاڵتەجاڕانە، خراپ نووسراو و دژە ئەمەریکی" وەسف کرد و ئاماژەی بەوە دا کە گوێ بەو بڕیارانە نادات و لەسەر سیاسەتی خۆی بەردەوام دەبێت.

ئەمەش لە کاتێکدایە، دوێنێ دوای ئەوەی دادگای باڵای ئەمریکا باجە گومرگییەکانی هەڵوەشاندەوە، دۆناڵد ترەمپ لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیی بەپەلەدا هێرشی توندی کردە سەر دادوەرەکان ئاشکراشی کرد کە لە رێگەی ئەو باجانەوە رێگری لە هەڵگیرسانی هەشت جەنگ کردووە؛ هاوکاوت رایگەیاند، فەرمان دەکات بە سەپاندنی باجی 10%ی دیکە بەسەر تەواوی وڵاتانی جیهاندا، جەختیشی کردەوە کە داهاتی ئەمریکا بەهۆی ئەم بڕیارەوە زیاتر دەکات.