پەرلەمانی ئەوروپا لە بارەی رێککەوتنی بازرگانی لەگەڵ ئەمریکا کۆدەبێتەوە

لیژنەی بازرگانی لە پەرلەمانی ئەوروپا، داوای کۆبوونەوەیەکی نائاسایی بۆ ڕۆژی دووشەممەی داهاتوو کرد، بە مەبەستی دووبارە هەڵسەنگاندنەوەی رێککەوتنی بازرگانی لەگەڵ ئەمریکا، ئەمەش دوای بڕیارەکەی دادگای باڵای ئەمریکا دێت بۆ هەڵوەشاندنەوەی بەشێکی زۆری ئەو باجە گومرگییە جیهانییانەی کە دۆناڵد ترەمپ بەسەر زیاتر لە 100 وڵاتدا سەپاندبووی، کە وڵاتانی ئەوروپاشی تێدایە.

شەممە 21ـی شوباتی 2026، لیژنەی بازرگانی لە پەرلەمانی ئەوروپا، داوای کۆبوونەوەیەکی نائاسایی بۆ ڕۆژی دووشەممەی داهاتوو کردووە، ئاماژەی بەوەکردووە، لە میانی کۆبوونەوەکەدا بە جیدی تاوتوێی ئەوە دەکات ئایا دەکرێت رێککەوتنە بازرگانییەکان لەگڵ ئەمریکا وەک ئەوەی ئێستا هەیە جێبەجێ بکرێت، یان گۆڕانکارییە دادییەکانی ئەمریکا پێویستییان بە پێداچوونەوەی تەواوەتی بە مەرجەکانی رێککەوتنەکەدا هەیە.

سەرچاوە پەرلەمانی و ئەوروپییەکان ئاماژە بەوە دەکەن، بڕیارەکەی دادگای باڵا لە برۆکسل وەک دەرفەتێک دەبینرێت بۆ رێکخستنەوەی پەیوەندییە بازرگانییەکان لەگەڵ واشنتن، بەڵام لە هەمان کاتدا نیگەرانی دروست کردووە لەوەی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا بەردەوام بێت لە بەکارهێنانی ئامرازە گومرگییە تاکلایەنەکان وەک هۆکارێکی فشاری سیاسی.

هەرچەندە یەکێتی ئەوروپا بە فەرمی دەستبەرداربوونی تەواوەتی لە رێککەوتنەکە رانەگەیاندووە، بەڵام پەرلەمانی ئەوروپا لە مانگی کانوونی دووەمی رابردووەوە پرۆسەی پەسەندکردنی رێککەوتنەکەی هەڵپەساردووە و گفتوگۆکانی ناو لیژنەی بازرگانی نێودەوڵەتیشی راگرتووە، ئەمەش نیشانەی چاوەڕوانی و وریاییە بەرامبەر هەر هەنگاوێکی نوێی ئەمریکا.

بە گوتەی مارۆش شیفتشۆڤیچ، کۆمیساری یەکێتی ئەوروپا بۆ بازرگانی و ئاسایشی ئابووری، پێویستە یەکێتییەکە ئامادە بێت بۆ کاراکردنی ئامرازە یاساییە جێگرەوەکان، لەوانە ئەگەری تانەدان لە رێککەوتنەکە لەبەردەم دادگای دادی ئەوروپا، ئەمەش رەنگە ببێتە هۆی دواکەوتنی زۆر لە چوونە بواری جێبەجێکردنی رێککەوتنەکە یان کردنەوەی دەرگا بۆ دووبارە دانوستاندن لەسەر بەندەکانی.

هاوکات، کۆمسیۆنی ئەوروپا هەڵسەنگاندنێکی یاسایی و ئابووری بۆ لێکەوتەکانی بڕیارەکەی دادگای ئەمریکا دەکات، بەتایبەتی هەڵوەشاندنەوەی باجەکان لەلایەن ئەمریکاوە بە شێوەیەکی تاکلایەنە، هاوسەنگی بازرگانی دەگۆڕێت کە رێککەوتنەکەی لەسەر بونیاد نرابوو. 

هەروەها ئەگەری دەستپێکردنەوە یان هەموارکردنەوەی کۆمەڵە رێکارێکی تۆڵەسەندنەوە دژی ئەمریکا تاوتوێ دەکرێت ئەگەر دۆناڵد ترەمپ بگەڕێتەوە سەر سیاسەتی باجە تاکلایەنەکان.

چاوەڕوان دەکرێت یەکێتی ئەوروپا هەر رێڕەوێکی نوێی رێککەوتنە بازرگانییەکە ببەستێتەوە بە گرەنتی روون بۆ ئەوەی لە داهاتوودا باجی گومرگی وەک ئامرازی فشاری سیاسی بەکارنەهێنرێت، ئەمەش بەو مانایەیە کە دۆسیەی رێککەوتنی بازرگانی لەگەڵ واشنتن بە کردەیی دەبێتە دۆسیەیەکی راگیراو و لەژێر هەڵسەنگاندنەوەدا، لە کاتێکدا برۆکسل چەندین بژاردەی لەبەردەستە لە نێوان هەموارکردنەوە، بەستنی بۆ ماوەیەکی درێژتر، یان پەنابردن بۆ رێکاری یاسایی کە رەنگە ببێتە هۆی دواکەوتن یان دووبارە داڕشتنەوەی.