حکوومەتی ئوسترالیا دەنگۆی گەڕانەوەی خێزانەکانی داعش لە کەمپی هۆل رەتدەکاتەوە

(وێنە؛ ئەرشیف، کەمپی هۆل)
(وێنە؛ ئەرشیف، کەمپی هۆل)

حکوومەتی ئوسترالیا بە فەرمی ئەو دەنگۆیانە رەتدەکاتەوە کە باس لە ئامادەکاری دەکەن بۆ گەڕاندنەوەی هاووڵاتییە ئوسترالییەکانی نیشتەجێی کەمپی هۆل لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا، کە خێزانی چەکدارانی پێشووی داعشن.

تۆنی بێرک، وەزیری ناوخۆی ئوسترالیا، ئەمڕۆ یەکشەممە، 22ـی شوباتی 2026، راپۆرتێکی رۆژنامەی "سەندەی تەلەگراف"ی رەتکردەوە، تێیدا هاتبوو حکوومەتی ئوسترالیا خەریکی ئامادەکارییە بۆ گەڕاندنەوەی خێزانی چەکدارانی داعش. بێرک لە لێدوانێکدا بۆ تەلەفزیۆنی فەرمی وڵاتەکەی رایگەیاند: "ئەو راپۆرتە بانگەشەی ئەوە دەکات، ئێمە ئامدەکاری گەڕانەوە ئەنجام دەدەین، بەڵام ئەمە دوورە لە راستی و ئێمە هەرگیز کارێکی وا ناکەین."

هەروەها وەزیری ناوخۆ جەختی کردەوە، هیچ کۆبوونەوەیەک لەگەڵ بەرپرسانی ویلایەتەکانی ئوسترالیا بۆ رێکخستنی گەڕانەوەی ئەو خێزانانە ئەنجام نەدراوە، بەوەش هەموو ئەو دەنگۆیانەی رەتکردەوە، باس لە هەماهەنگی ناوخۆیی دەکەن بۆ ئەم پرسە.

پێشتریش ئەنتۆنی ئەلبانیز، سەرۆکوەزیرانی ئوسترالیا و سەرۆکی پارتی کرێکاران، تیشکی خستبووە سەر ئەوەی حکوومەتەکەی هیچ پلانێکی نییە بۆ هاوکاریکردنی ئەو خێزانی ئەو چەکدارانە نییە، تاوەکو بگەڕێنەوە بۆ ناو خاکی ئوسترالیا.

رۆژی دووشەممەی رابردوو، 34 ئافرەت و منداڵ لە کەمپی هۆل ئازادکران، بەڵام دواتر بەهۆی ئەوەی بە "هۆکاری تەکنیکی"، دووبارە گەڕێنرانەوە بۆ ناوەندەکانی دەستبەسەرکردن. پێشبینی دەکرا ئەو خێزانانە سەرەتا رەوانەی دیمەشق بکرێن و پاشان بگەڕێندرێنەوە بۆ ئوسترالیا، بەڵام ئەم هەنگاوە ناڕەزایەتی توندی لایەنە سیاسییەکانی ئوسترالیای لێکەوتەوە.

پرسی گەڕاندنەوەی خێزانەکانی داعش بووەتە بابەتێکی هەستیاری سیاسی لە ئوسترالیا. پارتی راستڕەوی یەک نەتەوە بە سەرۆکایەتی پاولین هانسن، کە دژە کۆچبەرە، ئەم پرسەی بەکارهێناوە بۆ زیادکردنی جەماوەری خۆی و فشار خستنە سەر حکوومەت.

ئوسترالیا بە توندی مامەڵە لەگەڵ دۆسیەی تیرۆر دەکات؛ رێکخراوی داعش وەک گرووپێکی تیرۆریستی ناسێنراوە و هەر جۆرە ئەندامێتییەک تێیدا سزاکەی دەگاتە 25 ساڵ زیندانی. هەروەها حکوومەتی ئوسترالیا دەسەڵاتی یاسایی هەیە بۆ وەرگرتنەوەی رەگەزنامە لەو کەسانەی کە دوو رەگەزنامەیان هەیە و پەیوەندییان بەو گرووپەوە کردووە.