ترەمپ لەنێوان کەلەڕەقییەکەی ئێران و فشاری هێرشکردن ماوەتەوە
لەگەڵ کۆکردنەوەی گەورەترین هێزی سەربازیی ئەمریکا لە دەوروبەری ئێران و رەتکردنەوەی مەرجەکانی واشنتن لەلایەن تارانەوە، فشارەکان لەسەر دۆناڵد ترەمپ بۆ ئەنجامدانی هێرشی سەربازی چڕتر بوونەتەوە.
"ئێران هەفتەیەک لە چەکی ئەتۆمی دوورە"
ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لە دیمانەیەکدا لەگەڵ کەناڵی "فۆکس نیوز" رایگەیاند، سەرباری هەموو گوشارە سیاسی و سەربازییەکان، تاران ئامادە نییە مل بۆ داواکارییەکانی ئەمریکا بدات.
نێردەکەی ئەمریکا ئاشکرای کرد، "هێڵی سوور"ی دۆناڵد ترەمپ بریتییە لە "سفرکردنەوەی پیتاندنی یۆرانیۆم"، واتە نابێت ئێران بە هیچ شێوەیەک یۆرانیۆم بپیتێنێت، بەڵام وێڕای ئەوەی ئێرانییەکان جەخت لە ئاشتیبوونی بەرنامە ئەتۆمییەکەیان دەکەنەوە، زۆر زیاتر لەوەی بۆ ئەو پڕۆژەیە پێویستە پیتاندن ئەنجام دەدەن؛ بە گوتەی ئەو، رەنگە تەنیا هەفتەیەک لە بەدەستهێنانی کەرەستەی پێویست بۆ دروستکردنی بۆمبی ئەتۆم دوور بن.
بە گوتەی ویتکۆف، ئەم کەلەڕەقییەی تاران دۆناڵد ترەمپی "تووڕە و سەرسام" کردووە، چونکە سەرباری کۆکردنەوەی هێزێکی زۆر و دروستکردنی گوشاری زۆرینە، هێشتا پرسیارە گەورەکە لە کۆشکی سپی ئەوەیە: "بۆچی ئێران بە مەرجەکانی ئەمریکا قایل نابێت؟"
فشاری ناوخۆیی بۆ لێدانی سەربازی
هاوتەریب لەگەڵ بنبەستی سیاسی، فشارەکان بۆ بەکارهێنانی بژاردەی سەربازی زیاتر بوون. پێگەی "ئەکسیۆس" بڵاویکردەوە؛ لینزی گراهام، سیناتۆری باڵای ئەمریکی و کەسایەتیی نزیک لە ترەمپ، نیگەرانیی خۆی نیشانداوە لەو راوێژکارانەی دەوروبەری سەرۆک؛ ئەوانەی ئامۆژگاری دەکەن هێرش نەکاتە سەر ئێران.
گراهام راستەوخۆ داوای لە دۆناڵد ترەمپ کردووە گوێ لەو دەنگانە نەگرێت و ئەو کەسانە پشتگوێ بخات، چونکە بە بڕوای ئەو "پەشیمانبوونەوە لە هێرشکردنە سەر ئێران دۆخەکە خراپتر دەکات".
سیناتۆرەکە جەختی کردووەتەوە، ئەمریکا ئامادەکارییەکی بێوێنەی کردووە، بەجۆرێک دوو لە گەورەترین کەشتیی فڕۆکەهەڵگری جیهانی و گەورەترین هێزی سەربازی لە دەوروبەری ئێران کۆکردووەتەوە؛ لە دوای جەنگی جیهانیی دووەمەوە هێزی لەو جۆرە بە ئاڕاستەی هیچ شوێنێک نەجوڵێندراوە.