وەزیری بەرگریی تورکیا: ئێستا تیرۆر لە لێواری لەناوچوونە
یەشار گولەر، وەزیری بەرگریی تورکیا دەڵێت: لە چەند ساڵی رابردوودا سوپاکەمان بەوپەڕی هێزەوە بەرەنگاریی تیرۆر بووەتەوە و ئێستاش تیرۆر لە لێواری لەناوچوونە.
یەشار گولە لە خوانێکی بەربانگدا لەگەڵ سەربازان و ئەندامانی هێزەکانی کۆماندۆ، کە ئەندامانی خانەوادەی بەشێک لە سەربازە کوژراوەکانی سوپای تورکیا ئامادەی بوون، لە گوتارێکدا رایگەیاند "قارەمانێتی سەربازە کوژراوەکانمان هەرگیز لە بیر ناکەین، سوپاکەمان لە ساڵانی رابردوودا بە ئۆپەراسیۆنە سەرکەوتووەکانی بەوپەڕی هێزەوە گورزی گەورەی لە رێکخراوی تیرۆریستی داوە و تیرۆری گەیاندووەتە لێواری لەناوچوون".
ئێوارە خوانەکە کە لە فەرماندەیی 17ی کۆماندۆ لە پارێزگای بایبورت رێکخرابوو، یەشار گولەر، لە بارەی پرۆسەی ئاشتییەوە، گوتی "هیچ سازش و موزایەدەیەک لەم پرۆسەیەدا نەکراوە، هیچ هەنگاوێک نەنراوە و نانرێت، کە زیان بە یەکڕیزی و برایەتی و ئاسایشی نەتەوەکەمان بگەیەنێت."
گوتیشی "ریشەکێشکردنی تیرۆر تەنیا بە ئاسایشەوە پەیوەست نییە، بەڵکو بەرپرسیارێتییەکی مێژووییە، لە دۆخەدا پیشاندانی ئیرادەیەکی پتەو بۆ بەهێزکردنی هاوسۆزی، برایەتی کۆمەڵایەتی و تۆکمەیی و یەکگرتوویی نیشتمانی لە هەموو کاتێک گرنگترە".
راشیگەیاند، سەرکەوتنی پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا، پەیوەستە بەوەی پەکەکە هەرچی زووە چەکەکانی رادەست بکات و پابەندی بەڵێنەکانی بێت. دەشڵێت "لەمبارەوە هەڵوێستی حکوومەتی تورکیا روونە و هیچ بوارێک بۆ گومان نەماوەتەوە، چونکە لە سەرەتاوە بە لەبەرچاوگرتنی بەرژەوەندییەکانی دەوڵەت، بە دڵسۆزییەوە پاڵپشتی ئەم پرۆسەیەمان کردووە و بەردەوام دەبین، هاوکات لە چالاکییەکانمان بۆ گرتنەبەری رێکاری خۆپارێزی لە پێناو بەرەنگاربوونەوەی هەر پێشهاتێک ئامادەین و بەردەوام دەبین".
یەشار گولەر وەزیری بەرگریی تورکیا گوتیشی "کۆمەڵگەیەکی بەهێز تەنیا بە یەکڕیزی و یەکگرتوویی دەتوانێت بەردەوام بێت".
لە چوارچێوەی پرۆسەی نوێی ئاشتی لە تورکیا، رۆژی هەینی 11ی تەممووزی 2025، گرووپێکی 30 کەسی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە رێوڕەسمێکدا لەبەردەم ئەشکەوتی جاسەنە لە ناوچەی سوورداشی پارێزگای سلێمانی چەکەکانیان سووتاند، ئەمەش وەک هەڵوێستێک بۆ چەکدانان و بە دەنگەوەچوونی پەیامی ئاشتی.