سوپای عێراق خانووی هاووڵاتییەکی کوردی لە کەرکووک داگیرکرد
بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە 22ی شوباتی 2026، جارێکی دیکە هێزێکی سوپای عێراق هەڵیانکوتایە سەر گەڕەکی نەورۆزی کەرکووک و بە زۆرملێ خێزانێکی کوردیان لە ماڵەکەی دەرکرد و دەستیان بەسەر خانووەکەیدا گرت.
بە گوێرەی بەدواداچوونەکانی پەیامنێری کوردستان24، سەردەمی رژێمی بەعس، خانووەکانی گەڕەکی نەورۆزی ئێستای کەرکووک، بە ئەفسەرانی سوپا درا بوون، بەڵام دوای رووخانی رژێمەکە و هەڵاتنی ئەفسەرەکان و خێزانەکانیان لە شەڕی ئازادی عێراق ساڵی 2003، هاووڵاتیانی کوردی رەسەنی شارەکە، کە بەهۆی پرۆسەی تەعریب لە شارەکەیان دەرکرابوون، چوونەتە نێو خانووەکان و بەشێکیان خانووەکانیان کڕیوە.
دوای 14 ساڵ و لە پاش رووداوەکانی 16 ئۆکتۆبەری 2017ـەوە، سوپای عێراق بیانوو بە هاووڵاتیانی کوردی نیشتەجێی نێو خانووەکانی گەڕەکی نەورۆی کەرکووک دەگرێت، ماوەماوە هەڵدەکوتێتە سەر ماڵەکان و فشاری دەرکردنیان لێدەکات.
خاوەنی ئەو ماڵەی سوپای هەڵیکوتاوەتە سەریان و بە زۆر دەریکردوون، بۆ کوردستان24 گوتی "بۆ نیو سەعاتێک رۆیشتمە ماڵی خوشكێکم بۆ پارشێوە، تا گەڕامەوە سەربازەکانی سوپای عێراق دەرگایان شکاندبوو، چووبوونە ژوورەوە، رێگریان کرد منداڵەکانم بگەڕێنەوە ماڵەوە.
گوتیشی "نزیکەی کاتژمێرێک و نیو لە حەوشەی ماڵەکەم دانیشتین، بەڵام بە شەق و بۆکس لێیاندام و بە چوارکەس هەڵیانگرتم و فڕیاندامە دەرەوە، رێک هەمان سەردەمی رژێمی بەعس هاتەوە یادم، بگرە خراپتریش بوون".
کێشەی گەڕەکی نەورۆز، پێشتر چەندینجار گرژی لە نێوان سوپا و هاووڵاتیانی نیشتەجێی ئەو گەرەکە دروستبووە، تا ئێستا سوپای عێراق دەستی بەسەر پێنج خانووی گەڕەکەکەدا گرتووە و سەربازی تێدا جێگیرکردووە، هەرچەندە نووسراو لە وەزارەتی دارایی و وەزارەتی دادی عێراقەوە کرا بۆ وەزارەتی بەرگری بۆ چۆڵکردنی ئەو خانووانە، بەڵام سوپا بڕیارەکەی جێبەجێ نەکردووە.