ئێران جارێکی دیکە گازی لەسەر عێراق گرتەوە

وەزارەتی کارەبای عێراق ئامادەکارییەکانی بۆ ناردنی شاندێکی تەکنیکی بۆ کۆماری ئیسلامی ئێران راگەیاند، ئەمەش بە مەبەستی چارەسەرکردنی کێشەی بڕانی گاز هاوردەکراو کە بووەتە هۆی پاشەکشەیەکی گەورە لە بەرهەمهێنانی وزەی کارەبا.

یەکشەممە 22ـی شوباتی 2026، بەگوێرەی زانیارییەکانی ئەحمەد موسا گوتەبێژی وەزارەتی کارەبا کە رۆژنامەی "سەباح"ی حکوومی بڵاوی کردووەتەوە، رایگەیاندووە، وەستانی هەناردەی گاز ئێرانی لەم دواییانەدا بووەتە هۆی لەدەستدانی زیاتر لە 5500 مێگاوات کارەبا، ئەمەش کاریگەری راستەوخۆی کردووەتە سەر ئەو وێستگانەی کە بۆ کارکردن پشت بە گاز هاوردەکراو دەبەستن.

گوتەبێژەکە ئاماژەی بەوەشکردووە،"لە ئێستادا وێستگەکانی دیکە بە تەواوی توانای بەرهەمهێنانیانەوە کار دەکەن و هاوکات کارەکانی چاککردنەوە و فراوانکردن بۆ ئامادەکاری وەرزی هاوین بەردەوامن."

سەبارەت بە دۆخی ئێستای دابەشکردنی کارەبا، وەزارەتی کارەبا رایگەیاندووە، بەهۆی مامناوەندی پلەکانی گەرماوە توانیویانە کۆنتڕۆڵی بارگرانیی سەر تۆڕەکە بکەن و کاتژمێرەکانی پێدانی کارەبا رێکبخەن، بەڵام هۆشداریشی دا کە هەر بەرزبوونەوە یان دابەزینێکی توندی پلەکانی گەرما، کاریگەری خێرای لەسەر زیادبوونی خواست دەبێت و پێویستی بە کارپێکردنی وێستگەکان بە تەواوی توانایان دەبێت.

بە گوێرەی قسەکانی گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای عێراق، بڕیارە شاندەکەی وەزارەتی کارەبا لە تاران لەگەڵ بەرپرسانی پەیوەندیدار کۆببنەوە بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی گاز، تاوەکو وێستگە پەککەوتووەکان بگەڕێنەوە سەر هێڵ و کێشەی کەمیی کارەبا لە پارێزگاکاندا چارەسەر ببێت.