هەولێر؛ دابەزینی نرخی زیو زیانی گەورە بە مامەڵەکارانی خانوبەرە دەگەیەنێت

دابەزینی نرخی زیو لە چەند هەفتەی رابردوودا، زیانێکی زۆری بە مامەڵەکارانی خانوبەرە گەیاندووە؛ بەشێک لە خاوەن نووسینگەکانی کڕین و فرۆشتنی زەوی، کارەکەی خۆیان جێهێشتووە و روویان لە بازاڕی زیو کردووە، بەڵام ئێستا دوچاری زەرەرێکی دارایی گەورە بوونەتەوە.

بەگوێرەی بەدواداچوونێکی کوردستان24، دابەزینی نرخی زیو کاریگەرییەکی نەرێنی کردووەتە سەر بازاڕی خانوبەرە لە شاری هەولێر. مامەڵەکاران ئاماژە بەوە دەدەن کە بەهۆی نەبوونی زانیاری و شارەزایی، بەشێکی زۆری وەبەرهێنەرانی ئەو بوارە سەرمایەکانیان لە کڕینی زیودا خەرج کردووە، بە جۆرێک کەسی وا هەیە لە کڕینی 100 کیلۆ زیودا، بڕی 023 هەزار دۆلار زەرەری کردووە.

هاوکار هاوار، خاوەنی نووسینگەی کڕین و فرۆشتنی خانوبەرە بە کوردستان24ی گوت: "پێشتر رۆژانە نزیکەی 5 گرێبەستمان واژۆ دەکرد، بەڵام کاتێک نرخی زیو بەرزبووەوە و خەڵک روویان تێکرد، بازاڕی ئێمە بەتەواوی راوەستا و رۆژانە یەک گرێبەستیشمان نەدەما. من خۆم بەهۆی ئەو گۆڕانکارییانەوە نزیکەی 4 دەفتەر دۆلار زەرەرم کردووە."

لای خۆشیەوە مامەند سلێمان، کە ئەویش خاوەن نووسینگەی خانوبەرەیە، باسی لەوە کرد کە خەڵکێکی زۆر بێ ئەوەی هیچ بەرنامە و زانیارییەکیان لەسەر بازاڕی زیو هەبێت، چوونەتە ناو ئەو بوارە و تووشی تێکشکان بوون. دەڵێت: "کەسی وا هەیە 100 کیلۆ زیوی کڕیوە و ئێستا 23 دەفتەر دۆلار زەرەرمەند بووە."

محەممەد ئەحمەد، یەکێکی دیکە لە مامەڵەکاران، دۆخەکە بە "وێرانکەر" ناو دەبات و دەڵێت: "سەدان کەس لێرە زەوییەکانیان بە زەرەر فرۆشت بۆ ئەوەی زیو بکڕن، بەو هیوایەی قازانج بکەن، بەڵام دەرەنجامەکەی بە پێچەوانە بوو و زیو ماڵی زۆر کەسی وێران کرد."

سەبارەت بە رێکارەکان، محەممەد نەورۆز، وتەبێژی ئەنجوومەنی بۆرسەی هەولێر بە کوردستان24ی راگەیاند: "ئێمە وەک ئەنجوومەنی بۆرسە پێشتر ئاگادارمان کردنەوە کە مامەڵەکردن بە زیو لە شوێنی کڕین و فرۆشتنی زەوی رێپێدراو نییە، چونکە بازاڕی زیو شوێنی تایبەت بە خۆی هەیە، بەڵام ئەوانەی گوێیان بە رێنماییەکان نەدا و لە ناو بۆرسەی خانوبەرە دەستیان بەو کارە کرد، ئێستا زەرەرمەندی یەکەمن."