نیووشا سەعیدی: هەموو هەوڵێک دەدەم بۆ پارێزگاریکردن لە هونەری کوردی
نیووشا سەعیدی، خانمە میوزیکژەن، لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتدا تیشک دەخاتە سەر کارە هونەرییەکانی و باس لە نوێترین پڕۆژەی هونەری خۆی دەکات و دەڵێت: پڕۆژەیەکی تایبەتم هەیە کە لەسەر نۆتنووسی و رێکخستنی گۆرانییە کۆنە کوردییەکان بۆ ئامێری کەمانچە، کە لە چەند مانگی داهاتوودا ئامادە دەبێت.
نیووشا سەعیدی، خانمە میوزیکژەن، دەربارەی ئەزموونی کارە هونەرییەکانی خۆی بە کوردستان24ی گوت: لە تەمەنی نۆ ساڵیدا دەست بە فێربوونی میوزیک کرد، دوای چەند ساڵێک چوومە هونەری میوزیکی سنە، ئێستا بڕوانامەی لیسانسی ژەنیاری میوزیکم لە زانکۆی کوردستانە بەدەستهێناوە، لە ماوەی ئەو ساڵانەدا چەند پلەی نیشتمانیم لە فێستیڤاڵە جیاوازەکان بەدەست هێناوە و لەگەڵ گرووپەکانی دی لە مەهاباد و کیژان لە سنە کارم کردووە. لە ئێستاشدا زیاتر خەریکی کۆنسێرت، دروستکردنی کلیپ و فێرکاری کەمانچەم. لەگەڵ چەند گرووپێکی جیاواز کار دەکەم، بە تایبەتی لەگەڵ گرووپی ژنانی کیژان، کە ئێستا لە باشوور زیاتر ناسراوین. ئامانجی سەرەکی ئەم گرووپە، بەرهەمهێنان و کۆنسێرتی میوزیکی کوردییە بە هۆیەتی نیشتمانی و دیدێکی هاوچەرخ، هەروەها لە کارە گرووپییەکان و چالاکییە تایبەتییەکانم دا، هەوڵ دەدەم شێوازێک دروست بکەم لە نێوان رەگ و ریشەی نەریتەکان و دەربڕینی مۆدێرن.
نیووشا سەعیدی گوتیشی: بۆ من، میوزیک زمانێکی هەست و هۆیەتییە، بۆ گەلی کورد، میوزیک هەمیشە رەگ و ریشەی لە ژیانی رۆژانە، زمان و کولتووری ئێمەدا هەبووە و یەکێک بووە لە گرنگترین شێوازەکانی دەربڕینی بیر و داواکانی ئێمە، ئەو هونەرە بەشێکی جیا نەکراوەیە لە هۆیەتی ئێمە، بۆیە بۆ پاراستنی ئەو هونەرە هەموو هەوڵێک دەدەم.
ئەو خانمە میوزیکژەنە باس لە ناسینەوەی میوزیکی نەتەوەکانی تر دەکات و دەڵێت: میوزیکی رۆژهەڵات بە شێوەیەکی تایبەتی هەمیشە جیاواز بووە لە میوزیکی جیهانی، هەر جۆرێک لە میوزیک دەتوانرێت بناسرێتەوە لە رێگەی ریتم، ئامێرەکان، شێوازە دەنگییەکان و بە تایبەتی شێوازی دەربڕین و گوێگرتن، کە هۆیەتی کولتووری خۆی پیشان دەدات.
نیووشا سەعیدی ئاماژەی بەوەش دا: هەموو جۆرەکانی میوزیک زەحمەتە و تایبەتمەندی خۆیان هەیە، بەڵام بە بڕوای من، ئەو میوزیکانەی لەسەر بنەمای مەقام دامەزرابوون، فێربوونیان زۆر زەحمەتە، چونکە شێوازی بەرهەمهێنان و وردییەکانی دەنگ، پێویستی بە هەوڵ و سەرنجی زۆر هەیە.
دەربارەی ئەو گۆرانییە کوردییانەی کە میوزیک و ئاوازی وڵاتانی دیکەی تێدا بەکاردێت، نیووشا سەعیدی گوتی: لە ئێستادا هونەرمەندانی زۆر هەیە کە هەوڵ دەدەن میوزیکی رەسەن بپارێزن و تا ڕادەیەک سەرکەوتووش بوون، بەڵام لە لایەکی تر، جۆرێک لە چالاکی هەیە کە لە ژێر کاریگەری بازاڕ و تێکەڵبوونی گەشەی بازرگانییە، هەروەها کەمبوونی پشتیوانی بۆ بەرهەمهێنانی داهێنەرانە، هەموویان بەشداریان کردووە لە کەم رەنگبوون و کەم بیستراوی میوزیکی ئێمە.
لەکۆتایی قسەکانیدا، نیووشا سەعیدی باس لە پڕۆژەی نوێی هونەری خۆی دەکات و دەڵێت: لە ئێستادا خەریکی تۆمارکردنی چەند پڕۆژەیەکم لەگەڵ گرووپەکەم، ئەگەر مەرجەکان گونجاو بن، لە بەهار بڵاو دەکرێنەوە. هەروەها پڕۆژەیەکی تایبەتم هەیە کە لەسەر نۆت نووسی و رێکخستنی گۆرانییە کۆنە کوردییەکان بۆ ئامێری کەمانچە، کە لە چەند مانگی داهاتوودا ئامادە دەبێت.
نیووشا سەعیدی، خانمە میوزیکژەن، خەڵکی شاری سنەی رۆژهەڵاتی کوردستانە، لە تەمەنی نۆ ساڵییەوە خولیای فێربوونی میوزیک بووە، وەک بەشداری چەندین فێستیڤاڵی جیاوازی کردووە و خەڵاتی تایبەتی بەدەستهێناوە.