هێزێکی ئاسایشی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر گەیشتە عەفرین

لە هەنگاوێکدا بۆ گەرەنتیکردنی گەڕانەوەی ئاوارەکان و ئەنجامدانی هەماهەنگیی مەیدانی، هێزێکی ئاسایشی سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر گەیشتە شاری عەفرین.

یەکشەممە، 22ـی شوباتی 2026، سەرچاوەیەکی ئاگادار بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، هێزێکی تایبەتی ئاسایشی سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر گەیشتووەتە شاری عەفرین کە سیامەند عەفرین، جێگری بەرپرسی ئاسایشی گشتیی حەسەکە سەرۆکایەتیی شاندەکە دەکات. 

بە گوێرەی زانیارییەکانی ئەو سەرچاوەیە، هاتنی ئەم هێزە لە چوارچێوەی هەوڵەکانە بۆ ڕێکخستنەوەی دۆخی شارەکە و بە مەبەستی گەرەنتیکردنی پرۆسەی گەڕانەوەی ئاوارەکانە بۆ سەر زێدی خۆیان.

سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەش کرد، ئەرکی سەرەکیی ئەو هێزەی ئاسایش بریتی دەبێت لە بەدواداچوون بۆ دۆخی مەیدانی و ئەنجامدانی هەماهەنگیی پێویست، تاوەکوو زەمینەیەکی گونجاو و سەلامەت بۆ گەڕانەوەی ئەو هاووڵاتییانە بڕەخسێنن کە ماوەیەکە لە شارەکەیان دوور کەوتوونەتەوە.

یەکشەممە، 15ـی شوباتی 2026، سەرچاوەیەکی تایبەت بە کوردستان24ـی راگەیاند: لە 10 رۆژی داهاتوودا، یەکەم کاروانی ئاوارەکانی ئاوارەکان لە هەر دوو شاری حەسەکە و قامشلۆ، بەرەو عەفرین دەگەڕێنەوە.

بە پێی زانیارییەکانی ئەو سەرچاوە تایبەتە، یەکەم کاروانی گەڕانەوە، نزیکەی 400 خێزان لەخۆ دەگرێت. زۆربەی ئەو خێزانانە خەڵکی شارۆچکە و ناحیەکانی (جندرێسێ، مۆباتۆو شییە)ـن و پرۆسەکەش وەک بەشێک لە پلانێکی رێکخراو بۆ کۆتاییهێنان بە دۆسیەی ئاوارەبوون جێبەجێ دەکرێت.