چەکدارێک هەوڵی تیرۆرکردنی ترەمپی داوە
خزمەتگوزاری نهێنیی ئەمەریکا (US Secret Service) ڕایگەیاند، ئەمڕۆ یەکشەممە 22ی شوباتی 2026، هێزەکانیان تەقەیان لە پیاوێکی چەکدار کردووە و کوشتوویانە، دوای ئەوەی بە شێوەیەکی نایاسایی سنووری کۆشکی مار ئا لاگۆی تایبەت بە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکای لە فلۆریدا بەزاندووە.
بەرپرسانی ئەمەریکا ئاشکرایان کردووە، ڕووداوەکە دەوروبەری کاتژمێر 1:30ی بەرەبەیان ڕووی داوە و لەو کاتەدا دۆناڵد ترەمپ لە کۆشکەکە نەبووە، بەڵکوو لە واشنتن بووە.
ئەنتۆنی گۆلیێلمی، گوتەبێژی خزمەتگوزاری نهێنیی ئەمەریکا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسیویەتی: سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ، پیاوێکی چەکدار دوای ئەوەی بە نایاسایی چووەتە ناو سنووری پارێزراوی مار ئا لاگۆ، لەلایەن بریکارەکانی خزمەتگوزاری نهێنی و نووسینگەی شەریفی پالم بیچەوە تەقەی لێ کرا و کوژرا.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوی خزمەتگوزاری نهێنیی ئەمەریکا، گومانلێکراوەکە گەنجێکی تەمەن 20 ساڵان بووە، لە دەروازەی باکووری کۆشکەکە بینراوە و چەکێکی جۆری تاپڕ (Shotgun) و دەبەیەکی سووتەمەنیی پێ بووە.
لە کاتی ڕووبەڕووبوونەوەکەدا هێزە ئەمنییەکان تەقەیان لێ کردووە و کوشتوویانە، هاوکات هیچ کام لە ئەندامانی هێزە ئەمنییەکان بریندار نەبوون.
ئەمەش لە کاتێکدایە، ترەمپ پێشتریش چەند جارێک بووەتە ئامانجی پیلان و هەوڵی تیرۆرکردن؛ سەرەتای ئەم مانگە ڕایان ڕووس، تەمەن 59 ساڵ، کە لە ئەیلوولی 2024 پلانی تیرۆرکردنی سەرۆکی لە یاریگایەکی گۆڵف لە فلۆریدا داڕشتبوو، سزای زیندانیی هەتاهەتایی بەسەردا سەپێنرا.
هەروەها دوو مانگ بەر لەوەی ڕایان ڕووس دەستگیر بکرێت، لە ساڵی 2024 لە پەنسلڤانیا ماتیۆ کروکسی تەمەن 20 ساڵ تەقەی لە ترەمپ کرد و گوێی بریندار کرد، کە دواتر لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە کوژرا.