پەیامنێری کوردستان24: سبەی لیستی مووچەی مانگی دوو رادەستی بەغدا دەکرێت
پەیامنێری کوردستان24 ئاشکرای دەکات، دوای تەواوبوونی وردبینی لە لیستی مووچەی مانگی شوبات، ئەمشەو شاندێکی تەکنیکیی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان دەچنە بەغدا و سبەی لیستەکە رادەست دەکەن.
هۆشمەند سادق، پەیامنێری کوردستان24 رایگەیاند، بەپێی زانیارییەکان ئەمشەو یەکشەممە، 22ـی شوباتی 2026، شاندێکی تەکنیکی لە وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە دەگەنە بەغدا.
ئاماژەی بەوەش دا، ئامانجی سەردانی شاندەکە بۆ ئەوەیە کە بەیانیی رۆژی دووشەممە، لیستی مووچەی مانگی شوباتی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان رادەستی وەزارەتی دارایی عێراق بکەن.
بەپێی زانیارییەکانی پەیامنێری کوردستان24، پڕۆسەی وردبینی بۆ لیستی مووچەی مانگی دوو لە سیستەمی "پەیرۆڵ" لە گەنجینەکان تەواو بووە و ئامادەیە بۆ ناردن.
سەبارەت بە بابەتی 120 ملیار دینارەکەش ، زانیارییەکان دووپاتی دەکەنەوە کە دوای ئەوەی بەغدا وردبینیی لیستەکە تەواو دەکات و دەست بە رێکارەکانی خەرجکردنی پارەی مووچە دەکات، وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان بڕی 120 ملیار دینارەکە دەخاتە سەر هەژماری بانکیی وەزارەتی دارایی عێراق.
شڤان جەبار، پەیامنێری کوردستان24 لە بەغدا، وردەکاریی ئەو پرسە تەکنیکی و داراییانەی خستە ڕوو کە بڕیارە شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ وەزارەتی دارایی فیدراڵ و دیوانی چاودێریی دارایی عێراق تاوتوێیان بکات.
بەپێی زانیارییەکانی پەیامنێری کوردستان24، سێ تەوەری سەرەکی لەبەردەم شاندە تەکنیکییەکەدان بۆ یەکلاییکردنەوە، ئەوانیش کورتهێنانی مووچەی مانگی ڕابردوو؛ شاندەکە گفتوگۆ لەسەر ئەو 36 ملیار دینارە دەکەن کە لە مانگی ڕابردوودا بۆ مووچەی خانەنشینانی سەربازی، مەدەنی و خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان نەنێردرابوو، کە تا ئێستا هۆکاری خەرجنەکردنی ئەو بڕە پارەیە لەلایەن بەغداوە ڕوون نییە.
هەروەها مووچەی هێزەکانی (UPN)؛ پرسی وردبینی و ناردنی مووچەی ئەو هێزانە یەکێکی دیکە دەبێت لە تەوەرە گرنگەکانی گفتوگۆی نێوان هەردوولا.
تەوەری سێیەم، شاندەکە پرسی خەرجکردنی 12 مووچەی ئیکرامییەی خانەنشینانی ساڵی ڕابردوو دەوروژێنن کە تا ئێستا لەلایەن حکومەتی فیدراڵەوە خەرج نەکراوە.