مالیکی: بڕوامان بە عێراقێکی مەدەنی هەیە کە کراوە بێت بە رووی ئەمریکا و ئەوروپا
سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا، لە نوێترین پەیامیدا دیدگای خۆی بۆ داهاتووی عێراق خستە روو و جەختی لەسەر پێویستیی راستکردنەوەی پڕۆسەی سیاسی کردەوە.
یەکشەممە، 22ـی شوباتی 2026، نووری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا، لە پەیامێکدا جەختی لەسەر بەرپرسیارێتیی نیشتمانی بەرانبەر بە عێراق و گەلەکەی کردەوە و رایگەیاند: "بەرپرسیارێتیی نیشتمانیمان بەرانبەر گەل و نیشتمانەکەمان، عێراق، لەسەرمان دەسەپێنێت کە هەوڵ بدەین و ئەزموونەکانمان تەرخان بکەین لەپێناو راستکردنەوە و بەهێزکردنی رەوتی پڕۆسەی سیاسی".
مالیکی لە درێژەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوە دا کە ئەوان بڕوایان بە عێراقێکی دیموکرات و مەدەنی هەیە، کە کراوە بێت بە رووی هاوبەشییە نێودەوڵەتییە تۆکمەکاندا، "وەک ئەمریکا و ئەوروپا".
سەبارەت بە ئامانجی ئەم کرانەوەیەش روونی کردەوە، کە پەیوەندییە ئابوورییەکان لەگەڵ ئەو لایەنانەدا سوودی دەبێت بۆ "بەرپاکردنی شۆڕشێک لە فراوانکردن و قووڵکردنەوەی ژێرخان و پەروەردە، هەروەها پەرەپێدانی خزمەتگوزارییەکان و وزە".
سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا باسی لە سەربەخۆیی بڕیاری سیاسی کرد و گوتی: "جەخت دەکەینەوە کە ناسنامەمان عێراقییەکی پەتییە و پشت بە ئیرادەی گەلی عێراق دەبەستێت، هەروەها بڕیارمان لە پلەی یەکەمدا لە بەرژەوەندیی گەلەکەمانەوە سەرچاوە دەگرێت".
مالیکی، لە کۆتایی پەیامەکەیدا ئامادەیی خۆی و هاوپەیمانییەکەی بۆ کرانەوە بە رووی جیهاندا دووپات کردەوە و رایگەیاند: "دەستمان کراوەیەوە بۆ هاوکاری و تەواوکاریی هەرێمی و نێودەوڵەتی، لەپێناو بەرژەوەندیی گەلانی ناوچەکە و جیهان".