فوئاد حوسێن و عێراقچی نەخشەڕێگەی هێورکردنەوەی دۆخی ناوچەکە تاوتوێ دەکەن
وەزیرانی دەرەوەی عێراق و ئێران جەخت لەوە دەکەنەوە، کە تاکە رێگە بۆ چارەکردنی گرژییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ناوچەکە، گرتنەبەری دیالۆگ و رێکاری ئاشتییانەیە.
رۆژی یەکشەممە، رێکەوتی 22ــی شوباتی 2026، فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران، دوایین پەرەسەندن و گۆڕانکارییەکانی تایبەت بە پرۆسەی دانوستانەکانی نێوان واشنتن و تاران، هەروەها بارودۆخی گشتیی ناوچەکەیان تاوتوێ کرد.
نووسینگەی وەزیری دەرەوەی عێراق، لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوە دا، لە میانی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا، هەردوولا جەختیان لەسەر گرنگیی بەردەوامیی پرۆسەی دانوستانەکان کردەوە و رایانگەیاند، "کە رۆژی پێنجشەممەی داهاتوو وەک وادەی بەڕێوە چوونی گەڕێکی دیکەی دانوستانی نێوان واشنتن و دیاریی کراوە.
تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکان تایبەت بوو بە تاوتوێکردنی جموجۆڵ و کۆکردنەوەی هێزە سەربازییەکان لە ناوچەکەدا. لەم ڕووەوە، هەردوو وەزیر هاوڕا بوون لەسەر ئەوەی کە رێکاری دروست بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییەکانی ئێستا، بریتییە لە گرتنەبەری رێبازی ئاشتییانە و پەنابردن بۆ دیالۆگ و دانوستان وەک تاکە ڕێگە بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان و چەسپاندنی سەقامگیری.
هاوکات هەردوولا رێککەوتن لەسەر بەردەوامیی پەیوەندی و هەماهەنگیی هاوبەش لە قۆناغی داهاتوودا، بە ئامانجی ئاڵوگۆڕی بەردەوامی بیروڕا سەبارەت بەو پرسە هەستیارانەی کە جێی بایەخی هەردوولان، بە تایبەتی لە سایەی ئەو دۆخە هەستیارەی کە ناوچەکە پێیدا تێدەپەڕێت.
هەر ئەمڕۆ عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی "CBS News"ـی ئەمریکی، گوتوبووی: بڕیارە رۆژی پێنجشەممەی داهاتوو لە جنێڤ، دیدارێک لەگەڵ لایەنی ئەمریکی ئەنجام بدەین.
رۆژی سێشەممەی رابردوو، دانوستانی ناڕاستەوخۆی نێوان تاران و واشنتن، سەبارەت بە بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران لە بارەگای نێردەی دیپلۆماسیی عوممان لە جنێڤ بەڕێوە چوو.