ئێل مێنچۆ گەورەترین سەرۆک باندی مەکسیک کوژرا و پشێوییەکی زۆر رووی لە وڵاتەکە کردووە
سوپای مەکسیک کوژرانی نەمیزیۆ ئۆسێگێرا سێرڤانتێس، ناسراو بە ئێل مێنچۆ، سەرۆکی کارتیلی مەترسیداری (CJNG) راگەیاند. دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵەکە، چەکدارانی کارتیلەکە لە چەندین ویلایەتی جیاوازی مەکسیک دەستیان بە هێرشی تۆڵەسەندنەوە، سووتاندنی ئۆتۆمبێل و داخستنی رێگاکان کردووە، ئەمەش وای کردووە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا هۆشداری بەپەلە بە هاووڵاتییانی بدات.
یەکشەممە 22ـی شوباتی 2026، وەزارەتی بەرگری مەکسیک لە راگەیەندراوێکی فەرمیدا ئاشکرای کرد، هێزە تایبەتەکان بە هاوکاری ئاژانسە هەواڵگرییەکان و بە هەماهەنگی لەگەڵ لایەنی ئەمریکی، ئۆپەراسیۆنێکی گەورەیان لە شارۆچکەی تاپالپا لە ویلایەتی خاڵیسکۆ ئەنجامدا. لە کاتی ئۆپەراسیۆنەکەدا پێکدادانی توند روویدا و ئێل مێنچۆ بە سەختی بریندار بوو، دواتر لە کاتی گواستنەوەی بە فڕۆکە بۆ مەکسیکۆ سیتی، گیانی لەدەستدا.
لە ئەنجامی ئەو ئۆپەراسیۆنەدا، سێ سەربازی مەکسیکی بریندار بوون و چەندین چەکداری کارتیلەکە کوژران، هەروەها دوو کەسی دیکە دەستگیرکران و دەست بەسەر بڕێکی زۆر چەکی قورسدا گیرا، لەوانەش مووشەکهاوێژ.
دەستبەجێ دوای کوژرانی سەرکردەکەیان، چەکدارانی کارتیلی (CJNG) دەستیان بە زنجیرەیەک هێرشی هەماهەنگ کرد و پشێوی و ترسێکی گەورە لەناو تێرمیناڵی فڕۆکەخانەکە دروستبوو دوای ئەوەی چەکدارانی کارتیلەکە لە دەرەوە و ناوەوەی فڕۆکەخانەکە هێرشیان ئەنجامدا.
هەروەها لە شاری پوێرتۆ ڤایارتا، چەکداران هێرشیان کردە سەر زیندانەکە و باس لە راکردنی زیندانییەکان دەکرێت و چەندین ناوەندی بازرگانی و پارکینگی ئۆتۆمبێل لە پوێرتۆ ڤایارتا سووتێنران و لە ویلایەتەکانی خاڵیسکۆ، تاماولێپاس، میشۆکان و نوێڤۆ لیۆن، چەکداران ئۆتۆمبێل و بارهەڵگریان لە ناوەڕاستی شەقامەکاندا سووتاندووە بۆ ئەوەی رێگری لە جووڵەی سوپا بکەن.
باڵیۆزخانەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بەهۆی خراپی دۆخی ئەمنی و شەڕی چەکداری، داوای لە هاووڵاتییانی ئەمریکی کردووە لە ویلایەتەکانی خاڵیسکۆ، تاماولێپاس، میشۆکان، گوێرێرۆ و نوێڤۆ لیۆن لە شوێنەکانی خۆیان بمێننەوە و بە هیچ شێوەیەک نەیەنە دەرەوە تا ئاگادارکردنەوەی دیکە.
حکوومەتی مەکسیک هێزی زیاتری رەوانەی ویلایەتی خاڵیسکۆ کردووە بۆ کۆنترۆڵکردنی دۆخەکە، لە کاتێکدا مەترسی هەیە ئەم توندوتیژییانە پەرەبسێنن و ببنە شەڕێکی ناوخۆیی درێژخایەن لەنێوان باندەکان و سوپای وڵاتەکەدا.