لەسەر داواکاری فەلەستین رێکخراوی هاریکاریی ئیسلامی بە پەلە کۆدەبێتەوە
رێکخراوی هاریکاریی ئیسلامی، کۆتایی ئەم هەفتەیە کۆبوونەوەیەکی نائاسایی لەسەر ئاستی وەزیرانی دەرەوە ئەنجام دەدات، بە مەبەستی تاوتوێکردنی بڕیارەکانی ئیسرائیل بۆ فراوانکردنی نیشتەجێبوون و لکاندنی زەوییەکانی کەرتی رۆژئاوای غەززە بە ئیسرائیلەوە.
دووشەممە 23ـی شوباتی 2026، رێکخراوی هاریکاریی ئیسلامی بەیاننامەیەکی بڵاوکردووەتەوە، رایگەیاندووە، کۆبوونەوەکە لەسەر داوای فەلەستین ئەنجام دەدرێت، بۆ هەماهەنگی هەڵوێستەکان و گەڕان بەدوای رێگاکانی بەرەنگاربوونەوەی رێکارەکانی ئیسرائیل کە ئامانجیان گۆڕینی دۆخی یاسایی، سیاسی و دیمۆگرافی خاکی فەلەستینە و دەبێتە هۆی لەناوبردنی چارەسەری دوو دەوڵەت.
لە کۆبوونەوە چاوەڕوانکراوەکەدا پێشبینی دەکرێت، بەشداربووان تاوتوێی رێگاکانی بەرەنگاربوونەوەی بڕیارە نوێیەکەی دەسەڵاتدارانی ئیسرائیل بکەن سەبارەت بە دەستپێکردنی رێکارەکانی رێکخستنی زەوییەکانی کەرتی رۆژئاوای غەززە لەژێر ناوی "موڵکی دەوڵەت"، ئەمەش لە چوارچێوەی پلانەکانیان بۆ سەپاندنی سەروەریی بەناو (مەزعوم) لەسەر زەوییە داگیرکراوەکان.
هەفتەی رابردوو، ئیسرائیل بڕیارێکی پەسەند کرد کە رێگە بە دەستبەسەرداگرتنی زەوییە فەلەستینییەکان دەدات لە کەرتی رۆژئاوای غەززە لە رێگەی تۆمارکردنیان وەک "موڵکی دەوڵەت"، ئەم هەنگاوەش شەپۆلێکی ئیدانەکردنی لەسەر ئاستی عەرەبی و جیهانی لێکەوتەوە.
بڕیارەکەی ئیسرائیل بەم جۆرەیە:
بڕیاری دەستبەسەرداگرتنی زەوییەکان لەژێر ناوی"موڵکی دەوڵەت ئەم بڕیارە بەو مانایەیە حکوومەتی ئیسرائیل رادەگەیەنێت کە پارچە زەوییەکی دیاریکراو لە کەرتی رۆژئاوای غەززە چیتر موڵکی تایبەتی کەس نییە، بەڵکو دەبێتە موڵکی دەوڵەتی ئیسرائیل، هەروەها کاتێک زەوییەک دەبێتە موڵکی دەوڵەت، ئیسرائیل رێگە بە جووە نیشتەجێبووەکان دەدات خانوو و یەکەی نیشتەجێبوونی لێ دروست بکەن، لە کاتێکدا فەلەستینییەکان مافی بەکارهێنان یان چوونە ناو ئەو زەوییانەیان لێ زەوت دەکرێت.
بۆ جێبەجێکردنی ئەم بڕیارە ئیسرائیل پشت بە یاسایەکی کۆنی سەردەمی عوسمانییەکان کە لە ساڵی 1858 دەرچووە، دەبەستێت.
بەگوێرەی ئەو یاسایە:
1- هەر زەوییەک ئەگەر بۆ چەند ساڵێک لە نێوان 3 بۆ 10 ساڵ بەکارنەهێنرێت و بمێنێتەوە و کشتوکاڵی تێدا نەکرێت، دەوڵەت دەتوانێت دەستی بەسەردا بگرێت.
2- لەبەر ئەوەی زۆرێک لە زەوییەکانی کەرتی رۆژئاوا بە فەرمی لە "تاپۆ" تۆمار نەکراون بەهۆی ئاڵۆزییە مێژووییەکان، ئیسرائیل ئەمە وەک دەرفەتێک دەبینێت بۆ ئەوەی بڵێت ئەم زەوییە خاوەنی نییە و بیکاتە موڵکی خۆی.
ئامانجەکانی ئەم بڕیارە:
1- فراوانکردنی نیشتەجێبوون: دروستکردنی هەزاران یەکەی نیشتەجێبوون بۆ جووەکان لەسەر ئەو زەوییانە.
2- پچڕاندنی پەیوەندی جوگرافی: بەم بڕیارانە، ئیسرائیل جەند کۆمەڵگایەکی نیشتەجێبوون دروست دەکات کە گوند و شارۆچکە فەلەستینییەکان لە یەکتر دادەبڕێت.
3- لەناوبردنی چارەسەری دوو دەوڵەت: کاتێک زەوییەکی زۆر دەبێتە موڵکی ئیسرائیل، دامەزراندنی دەوڵەتێکی سەربەخۆی فەلەستینی لە داهاتوودا کە خاکەکەی پێکەوە بەستراو بێت، دەبێتە کارێکی مەحاڵ.