بەشێکی رێگای هامڵتۆن رۆچووە

بەهۆی کاریگەریی شەپۆلی بەفر و بارانی ئەمساڵ، بەشێکی ریگای ستراتیژیی "هامڵتۆن" تووشی رۆچوونی زەوی بووە، بەڕێوەبەرایەتی چاککردن و پاراستنی ریگاوبانی سۆران رایدەگەیەنێت تیمەکانیان لە هەوڵدان بۆ دابینکردنی ریگایەکی کاتی و دۆزینەوەی چارەسەرێکی یەکجاری بۆ ئەو کێشەیە.

دووشەممە 23ـی شوباتی 2026، خوسرەت سادق، بەڕێوەبەری چاککردن و پاراستنی ریگاوبانی سۆران، بە کوردستان24ـی رایگەیاند: "بەهۆی بارینی رێژەیەکی زۆری بەفر و باران لەم وەرزەدا، بەشێکی ریگای هامڵتۆن رۆچووە، بۆ ئەوەی هاتوچۆی هاووڵاتییان ئاسایی بێتەوە، ئێستا تیمەکانمان سەرقاڵی کردنەوەی ریگایەکی جێگرەوەن".

بەڕێوەبەری ریگاوبانی سۆران ئاماژەی بەوەش کرد، کردنەوەی ریگا جێگرەوەکە تەنها "چارەسەرێکی کاتییە" بۆ ئاسانکاریی هاتوچۆ، بەڵام پلانێکی فراوانتر بۆ چاککردنەوەی ریگا سەرەکییەکە هەیە کە چارەسەری یەکجاری ئەم کێشەیە دەکات.

سەبارەت بە دووبارەبوونەوەی ئەم حاڵەتە، خوسرەت سادق گوتی: "لە ساڵی 2019 جارێکی دیکە ئەم ریگایە تووشی رۆچوون بوو بووەوە، بەڵام ئەمجارە بڕیارمان داوە چارەسەرێکی یەکجاری بۆ کێشەکە بدۆزینەوە تا ریگاکە چیتر تووشی تێکچوون نەبێتەوە".

بۆ ئەم مەبەستە، پڕۆژەی چاککردنەوەی ریگاکە سپێردراوە بە کۆمپانیایەکی ناوخۆیی، بەڕێوەبەری ریگاوبانی سۆران جەختی کردەوە کە کارەکان بە باشترین شێواز و کوالێتییەکی بەرز ئەنجام دەدرێن، تاوەکو بۆ ماوەیەکی درێژخایەن پارێزگاری لە ریگاکە بکرێت و مەترسیی رۆچوونی لەسەر نەمێنێت.