سەرۆکی حکوومەت بە گوژمەی 5 ملیار دینار سێ ئامێری پزیشکی بۆ دهۆک دابین کرد
سەرۆکی حکوومەت بە گوژمەی زیاتر لە 5 ملیار دینار سێ ئامێری پێشکەوتووی بۆ تەندروستیی دهۆک دابین کرد.
ئەمڕۆ دووشەممە، 23ـی شوباتی 2026، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی دهۆک لە راگەیەنراوێکدا ئاشکرای کرد، بە فەرمانی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، سێ ئامێری پزیشکیی ستراتیژی بۆ نەخۆشخانەکانی پارێزگای دهۆک دابین کراون؛ تێچووی ئامێرەکان 5 ملیار و 100 ملیۆن دینارە.
بەپێی دوو نووسراوی فەرمی، کە واژۆی د. ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیرانیان لەسەرە، وردەکاریی خەرجی و دابەشبوونی ئامێرەکان روون کراوەتەوە. نووسراوەکان ئاماژە بەوە دەدەن، بڕی 2 ملیار و 600 ملیۆن دینار بۆ کڕینی دوو ئامێری شکاندنی بەردی گورچیلە (Lithotripsy) بۆ "سەنتەری نەخۆشییەکانی گورچیلە" لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی دهۆک تەرخان کراوە.
هەر بە پێی نووسراوەکان، بڕی 2 ملیار و 500 ملیۆن دینار بۆ دابینکردنی ئامێرێکی وێنەی موگناتیسی (MRI Machine 1.5T) بۆ "نەخۆشخانەی ئازادیی فێرکاری" لە دهۆک تەرخان کراوە. پارەکە لەسەر بودجەی ساڵی 2025ی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی دهۆک خەرج دەکرێت.
تەندروستیی دهۆک روونی کردووەتەوە، بە گەیشتن و کەوتنەکاری ئەم ئامێرە نوێیانە، ئاستی خزمەتگوزارییە پزیشکی و تەندروستییەکان لە سنووری پارێزگای دهۆک هەنگاوێکی باش بەرەوپێش دەچێت و ئاسانکارییەکی زۆر بۆ چارەسەری نەخۆش دەکرێت.
کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە کارنامەیدا، گرنگییەکی تایبەتی بە کەرتی تەندروستی داوە و هەوڵ دەدات لەرێگەی نۆژەنکردنەوەی نەخۆشخانەکان و دابینکردنی ئامێری پێشکەوتوو، خزمەتگوزاریی گشتی لە کەرتی حکوومیدا بەهێز بکات.
ئامانجی ئەم هەنگاوانە کەمکردنەوەی بارگرانیی سەرشانی هاووڵاتییانە تاوەکوو پێویستییان بە نەخۆشخانە ئەهلییەکان و سەفەرکردن بۆ دەرەوە نەبێت. پارێزگای دهۆک بەهۆی بوونی ژمارەیەکی زۆری ئاوارە و پەنابەر لە کەمپەکاندا، فشارێکی زۆری لەسەر کەرتی تەندروستییە و دابینکردنی ئەم ئامێرانە بەشێک لەو فشارە کەم دەکاتەوە و کاتی چاوەڕوانیی نەخۆش بۆ وەرگرتنی چارەسەر کورت دەکاتەوە.