ئیسماعیل بەقایی: هەر هێرشێکی ئەمریکا بە هەر قەبارەیەک بێت، بە توندی وەڵامی دەدرێتەوە

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە وەڵامی ڕاپۆرتێک سەبارەت بە پلانی دۆناڵد ترەمپ بۆ هێرشکردنە سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکان لە ئەگەری شکستی دیپلۆماسیدا، هۆشداری دەدات و هەڕەشەی وەڵامدانەوەی "زۆر توند" دەکات.

دووشەممە 23ـی شوباتی 2026، ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە بارەی ئەو ڕاپۆرتانەی باس لە هێرشێکی سنووردار بۆ سەر وڵاتەکەی دەکرێت، ڕایگەیاند، هەر هێرشێکی ئەمریکا بە هەر قەبارەیەک بێت، زۆر بە توندی وەڵامی دەدرێتەوە.

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران باسی لەوەش کرد، هەر هێرشێک ئەنجام بدرێت، ئاژاوە و توندوتیژی زیاتر بە دوای خۆی دێنێت؛ هاوکات هەموو کەسێک بە مافی خۆی دەزانێت بەرگریی لە وڵاتەکەی بکات.

ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمزی ئەمریکی لە چەند سەرچاوەیەک ئاشکرای کردووە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ڕاوێژکارەکانی ئاگادار کردووەتەوە لەوەی لە حاڵەتی شکستهێنانی ڕێگەی دیپلۆماسی، هێرشی سنووردار دەکەنە سەر ئێران، لە هێرشەکانیشیاندا بنکە ئەتۆمییەکانی ئەو وڵاتە دەکەنە ئامانج.

ئەو ڕۆژنامە ئەمریکییە ئاماژەی بەوەش داوە؛ ئامانج لە هێرشە سنووردارەکانی ئەمریکا لە سەرەتاوە ناچارکردنی بەرپرسانی تارانە بۆ ئەوەی دەست لە بەرنامەی ئەتۆمی هەڵگرن، بەپێچەوانەوە ئەگەر سووربوون لەسەر خواستەکانیان، ئەوa لە هەفتەکانی داهاتوودا ئەمریکا هێرشی فراوان دەکاتە سەریان.

ئەمەش لە کاتێکدایە. بەدر بن حەمەد ئەلبوسەعیدی وەزیری دەرەوەی عومان لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس پشتڕاستی کردەوە، بە مەبەستی تەواوکردنی پرۆسەی ڕێککەوتنی نێوان ئەمریکا و ئێران ئەو دوو وڵاتە پێنجشەممەی داهاتوو لە جنێڤ کۆدەبنەوە.

ڕۆژی سێشەممەی ڕابردوو، دانوستانی ناڕاستەوخۆی نێوان تاران و واشنتن، سەبارەت بە بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران لە بارەگای نێردەی دیپلۆماسیی عوممان لە جنێڤ بەڕێوە چوو.