ترەمپ بۆ گفتوگۆکردن لەسەر پرسی بازرگانی سەردانی چین دەکات

لە کاتێکدا پەیوەندییە بازرگانییەکانی نێوان واشنتن و پەکین جارێکی دیکە ڕووبەڕووی نادڵنیایی بوونەتەوە و دادگای باڵای ئەمەریکاش گورزێکی لە سیاسەتە گومرگییەکان داوە، دۆناڵد ترەمپ وادەی سەردانەکەی بۆ چین ئاشکرا دەکات و بە نیازە کۆتایی مانگی داهاتوو بۆ تاوتوێکردنی دۆسیە ئاڵۆزەکان لەگەڵ شی جینپینگ کۆببێتەوە.

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا ڕایگەیاند، پلانی هەیە لە 31ـی ئادار تا 2ـی نیسان سەردانی چین بکات و لەگەڵ شی جینپینگ، سەرۆکی ئەو وڵاتە کۆببێتەوە.

هاوکات بەگوێرەی میدیاکانی ئەمریکی، ئامانجی سەردانەکە تاوتوێکردنی پەیوەندییە بازرگانییەکانە کە جارێکی دیکە کەوتووەتە دۆخێکی نادڵنیاییەوە.

ئەم سەردانە لە کاتێکدایە کە ڕۆژی هەینی دادگای باڵای ئەمەریکا بڕیاری دا بە هەڵوەشاندنەوەی باجە گومرگییە بەرفراوانەکان لەسەر هەناردەکردن. ئەم بڕیارە دینامیکی هەوڵەکان بۆ درێژکردنەوەی ئەو ئاگربەستە بازرگانییە دەگۆڕێت کە ساڵی ڕابردوو دوای مانگانێک لە سەپاندنی باج بەسەر یەکتریدا، لە نێوان هەردوو وڵات واژۆ کرابوو.

ڕۆژی پێنجشەممە لە یەکەم کۆبوونەوەی بۆردی ئاشتی لە واشنتن، ترەمپ ڕایگەیاند: لە مانگی نیسان دەچمە چین، ئەوە سەردانێکی ناوازە دەبێت."

سەرۆکی ئەمەریکا ئاماژەی بەوە کرد، چاوەڕێی پێشوازی و ڕێوڕەسمێکی گەورە دەکات کە تێپەڕێنێت لەو پێشوازییەی لە یەکەم خولی سەرۆکایەتییەکەیدا لە ساڵی 2017 لە پەکین لێی کرا

ترەمپ گوتی: سەرۆک شی زۆر بە باشی مامەڵەی لەگەڵ کردم، نمایشێکی بۆ ساز کردم کە هەرگیز ئەوەندە سەربازی باڵا بەرزم بەیەکەوە نەبینیبوو کە هەموویان یەک باڵایان هەبوو. بەڵام پێم گوت دەبێت لەوە باشتر بکەیت، ئەویش گوتی لەوە تێدەپەڕێنین.

بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی وۆڵ ستریت جۆرناڵ، ئامانجی سەرەکی پەکین لەم گفتوگۆیانەدا درێژکردنەوەی ئاگربەستە بازرگانییەکە و لابردنی باجەکان و کەمکردنەوەی سنووردارکردنەکانە لەسەر ناردنی چیپە پێشکەوتووەکانی زیرەکی دەستکرد (AI)

بڕیارەکەی دادگای باڵا دەستی پەکین بەهێزتر دەکات و ڕەنگە وا بکات داواکارییەکانی ترەمپ بۆ کڕینی بڕێکی زۆر لە فاسۆلیای سۆیا و فڕۆکەکانی بۆینگ و وزە، ئەستەمتر بێت

هاوکات کورتهێنانی بازرگانیی ساڵانەی ئەمەریکا لەگەڵ چین لە ساڵی 2025دا بۆ نزیکەی 202 ملیار دۆلار دابەزیوە، کە کەمترین ئاستە لە ماوەی 21 ساڵی ڕابردوودا.

هەروەها سیاسەتە توندەکانی ترەمپ لە ئەمەریکای باشوور و دەستگیرکردنی نیکۆلاس مادۆرۆ سەرۆکی ڤەنزوێلا و هاوپەیمانی چین لەلایەن ئەمەریکاوە، لەگەڵ گوشارەکان بۆ سەر ئێران و هەڕەشەی سەپاندنی باج بەسەر ئەو وڵاتانەی بازرگانی لەگەڵ تاران دەکەن، کاریگەری نەرێنیان لەسەر پەیوەندییەکانی لەگەڵ چین داناوە، بەو پێیەی چین گەورەترین کڕیاری نەوتی ئێرانە.