خواست لەسەر ماستی مەڕی هەولێر زیادبووە

ماستی هەولێر خۆی خواردنێکی زۆر ئاساییە، بەڵام بووەتە بەشێک لە کولتوور و ناسنامەی شارەکەدا، ماستی هەولێر لە نێوان رابردوو و ئێستا سەرەڕای هەبوونی دەیان کارگەی خۆماڵی و دەرەوە هێشتا ناو و ناوبانگی ماستەکە هەر ماوە و داواکارییەکی زۆریشی لەسەرە.

موحسین زرار، هاووڵاتی بە کوردستان24ـی راگەیاند، "لە کۆیەوە هاتووم بۆ ماستی مەڕی هەولێر، چونکە بەڕاستی هەولێر تایبەتمەندییەکی خۆی هەیە بۆ ماست، بەتایبەتی ماستی مەڕ، تام و چێژی تایبەتی خۆی هەیە، چونکە هەولێر لەکۆنەوە بە ماست بەناوبانگ بووە.

جومعە موش هاووڵاتیەکی دیکەیە و دەڵێت، ئێستا سەرتوو لە ماستی مەڕ وەردەگرن و بە جیا دەیفرۆشن، بەڵام هی ئەم دوکانە کە ماستی مەڕی هەیە، هەمووی سەر‌تووە، ئەگەر بۆنی بکەی بۆنی مەڕی لێدێت، بەتایبەتی لەمەودوا بەهارە، ماستەکە زیاتر خۆش دەبێت، چونکە هەیە گۆشت ناخوا بەڵام نان و ماست دەخوا. لەبەر ئەوەی سوودی هەیە."

نەجات ئیدریس ماستفرۆش، دەڵێت، لە کاتی بەهاراندا نرخی ماست دادەبەزێت، ئێستا دوو کیلۆ نزیکەی بە هەشت هەزار دینارە، گوتیشی، ئەم ماستە بۆ پێنج شوێن دەبەم، چونکە ئێستا خواستی زیاتر لەسەرە، لەمەودوا وەرزی گەرما دابێت، خەڵک زیاتر بۆ ماستاو  بەکاری دێنن.

رێبوار محەممەد دوکاندار، گوتی: کە دەڵێی خەڵکی هەولێرم دەڵێن ماستی مەڕەکەتان خۆشە، ناوبانگی هەولێر بە ماستی مەڕی تامسۆ دەرچووە،، توند، بەتام و چێژ، ئێستا لای ئێمە دوو کیلۆ ماستی مەڕ، کە ماستی مەڕی قەراج و کەندێناوە و شەمامک و بەرانەتییان و بادینان هەتا دەگەیە دەوزێی بادینان هەمانە، دوو کیلۆ بە شەش هەزار و پێنج سەد دینارە، لەبەر مانگی رەمەزان داشکاندنمان کردووە، بەڵام مانگێک بەر لە ئێستا هەر ئەو ماستە، دوو کیلۆ بە هەشت هەزار دینار بوو.