فوئاد حوسێن: عێراق پابەندە بە پرەنسیپەکانی مافی مرۆڤ

فۆئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق، ئەمڕۆ دووشەممە، 23ـی شوباتی 2026، لە رێگەی پەیوەندییەکی ڤیدیۆییەوە بەشداری لە خولی 61ـمینی ئەنجوومەنی مافی مرۆڤ کرد کە لە جنێڤ بەڕێوەچوو.

لە سەرەتای وتارەکەیدا، وەزیری دەرەوەی عێراق، جەختی لە پشتیوانی بەردەوامی عێراق بۆ هەوڵەکانی ئەنجوومەنەکە لە چەسپاندنی شکۆی مرۆڤ و پاراستنی ئازادییە بنەڕەتییەکان کردەوە.

فۆئاد حوسێن راگەیاند، عێراق پابەندە بە پرەنسیپەکانی مافی مرۆڤ و هاوکاری بنیاتنەر لەگەڵ نەتەوە یەکگرتووەکان. ئاماژەی بەوەش کرد، بوونی عێراق بە ئەندام لەم ئەنجوومەنەدا، شانازی و بەرپرسیارێتییەکی گەورەیە و نیشانەی پەرۆشی وڵاتەکەیە بۆ بەشداریکردنی کارا لە دیالۆگی نێودەوڵەتیدا.

وەزیری دەرەوە تیشکی خستە سەر هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکەی 11-11-2025، کە لەژێر چاودێری نێودەوڵەتیدا بەڕێوەچوو، وەک وێستگەیەکی گرنگی دیموکراسی بۆ بەهێزکردنی متمانە بە دامەزراوە دەستوورییەکان هاوکات لەگەڵ پێکهێنانی حکوومەتی نوێدا.

هەروەها باسی لە پێشکەوتنە ئەمنی، ئابووری و کۆمەڵایەتییەکانی عێراق کرد لەم ساڵانەی دواییدا و گوتی: "سیستەمی دەستووری عێراق لەسەر بنەمای دیموکراسی و فیدراڵی دامەزراوە و مافی هەموو پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینییەکان بۆ بەشداری سیاسی و ئەنجامدانی رێوڕەسمە ئایینییەکان بە ئازادی دەستەبەر دەکات."

سەبارەت بە کۆتاییهاتنی ئەرکی نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان (یونامی) لە 31ـی کانوونی یەکەمی 2025، گوتی: ئەم هەنگاوە رەنگدانەوەی متمانەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییە بە تواناکانی عێراق، دووپاتیشی کردەوە، کە پاراستنی مافی ئافرەتان و منداڵان و پێشکەشکردنی راپۆرتە خولییەکان بە رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان لە کارە لەپێشینەکانی دەوڵەتن.

هەروەها فۆئاد حوسێن هەڵوێستی نەگۆڕی عێراقی بۆ پشتیوانی لە پرسی فەڵەستین و مافی چارەی خۆنووسینی گەلی فەڵەستین دوپات کردەوە، هەروەها داوای راگرتنی شەڕی لە غەززە و گەیاندنی خێرای هاوکارییە مرۆییەکانی کرد.