دووسایدی هەولێر - گۆمەسپان بە کواڵێتییەکی بەرز و لە ماوەیەکی پێوانەییدا تەواو کراوە

ئەمڕۆ سێشەممە، 24ـی شوباتی 2026، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پڕۆژەی ستراتیژیی دووسایدی (هەولێر – گۆمەسپان) دەکاتەوە؛ ئەم پڕۆژەیە بە یەکێک لە گرنگترین پڕۆژەکان دادەنرێت و بە کواڵێتییەکی بەرز و لە ماوەیەکی پێوانەییدا تەواو کراوە.

پڕۆژەکە کۆمپانیای (هێمن گرووپ) جێبەجێی کردووە و لە ماوەی کەمتر لە ساڵێکدا تەواوی کارەکانی بە کۆتا هاتووە؛ تێیدا رەچاوی نوێترین تەکنیک و ستانداردە جیهانییەکانی رێگاوبان کراوە.

پڕۆژەی دووسایدی هەولێر – گۆمەسپان، گۆڕانکارییەکی ڕیشەییە لە ژێرخانی هاتوچۆی ناوچەکە و تایبەتمەندییەکانی بەمشێوەیەن:

- درێژیی رێگەکە: 16 کیلۆمەترە (دوو ئاڕاستە).

- رێگەی خزمەتگوزاری: 8 کیلۆمەتر رێگەی خزمەتگوزاری لەخۆ دەگرێت.

- پانیی رێگە: هەر ئاڕاستەیەک پانییەکەی 11 مەترە و لە سێ رێرەو پێکهاتووە (دوو رێڕەو بۆ ڕۆیشتنی ئاسایی و یەک رێڕەوی فریاگوزاری/تەنیشت).

- پێکهاتەی قیر: سێ چین قیری بۆ بەکارهاتووە بە ئەستووریی 21 سانتیمەتر.

- ژێرخان: چینێکی 30 سانتیمەتریی بەهێز بۆ بەرگەگرتنی کێشی قورس دروستکراوە.

- خێرایی رێگەپێدراو: 100 کم/کاتژمێر بۆ ئۆتۆمبێلی بچووک و 80 کم/کاتژمێر بۆ بارھەڵگر.

تەواوکردنی پڕۆژەکە لە کاتێکی پێوانەییدا

کارکردن لەم پڕۆژەیەدا لە رێککەوتی 14/3/2025 دەستی پێکردووە و سەرەڕای سەختی هەڵکەوتەی جوگرافی ناوچەکە، لە رێککەوتی 10/2/2026 گەیشتە قۆناغی کۆتایی. ئەندازیار زیمیر عەبدولخالق، لە کۆمپانیای جێبەجێکار رایگەیاند: "توانیمان بە بەرنامەیەکی رێک و پێکانە و لە ماوەیەکی زۆر کورتدا واتا نزیکەی 8 مانگ، پڕۆژەکە تەواو بکەین." ئەندازیارەکە ئاماژەی بەوەش دا، بۆ ئەم پڕۆژەیە نزیکەی 2000 کرێکار و 600 ئامێری جۆراوجۆر بەبەردەوامی کاریان کردووە.

کۆتاییهێنان بە "رێگەی مەرگ" و ئاسوودەیی شۆفێران

رێگەی کۆنی گۆمەسپان بەهۆی تەسکيیەکەیەوە (تەنیا 6.5 مەتر بوو) و بوونی پێچی مەترسیدار، ساڵانە دەبووە هۆی رووداوی دڵتەزێن و گرفتی زۆری بۆ شۆفێران دروست دەکرد.

ئەحمەد حەیدەر، شۆفێرێکی بارهەڵگرە و 15 ساڵە بەو رێگەیەدا هاتوچۆ دەکات، دەڵێت: "پێشتر هەمیشە ترسمان لە دڵدا بوو تووشی رووداو بین، بەڵام ئێستا رێگەکە زۆر فراوان و بێ کێشەیە و بە ئاسوودەیی شۆفێری دەکەین."

هاوڵاتییەکی دیش بە ناوی کارزان کاکل باسی لەوە کرد، پێشتر بەهۆی قەرەباڵغییەوە چەندین کاتژمێریان لە رێگەدا بەسەر دەبرد، بەڵام ئێستا مەترسییەکان نەماون و کاتێکی زۆریان بۆ دەگەڕێتەوە.

کاریگەرییە ئابووری و گەشتیارییەکان

ئەم رێگەیە بێجگە لە چارەسەرکردنی کێشەی هاتوچۆی دانیشتووانی گوندەکانی ناوچەکە، رۆڵێکی گرنگی دەبێت لە بووژاندنەوەی کەرتی گەشتیاری، بەتایبەت بۆ سەردانیکەرانی "بەنداوی گۆمەسپان". هەروەها کاریگەری راستەوخۆی لەسەر جووڵەی بازرگانی و ئاوەدانکردنەوەی گوندەکانی دەوروبەری هەولێر دەبێت.

پێکهاتە و هێماکانی سەلامەتی

لە چوارچێوەی پڕۆژەکەدا، 5 پرد، یەک ژێرپرد (نەفەق) و 50 ئاوبەری سندوقی دروستکراون. هەروەها تەواوی رێگەکە بە هێمای هاتوچۆ، دیواری پەرژینی خۆپاراستن و هێڵکارییەکان رازێنراوەتەوە بۆ پاراستنی گیانی هاوڵاتییان.