ئەمریکا گرێبەستێکی نوێی بۆ زیادکردنی بەرهەمهێنانی فڕۆکەی B-21 رایدەر واژۆ کرد

ئەمریکا گرێبەستێکی گەورە بۆ فراوانکردنی توانای بەرهەمهێنانی فڕۆکەی بۆمبهاوێژی پێشکەوتووی B-21 Raider واژۆ کرد.

ئەمڕۆ سێشەممە، 24ـی شوباتی 2026، هێزی ئاسمانیی ئەمریکا لە راگەیەندراوێکیدا ئاشکرای کرد، گرێبەستێکی ستراتیژی بە بەهای 4.5 ملیار دۆلاری لەگەڵ کۆمپانیای (Northrop Grumman) واژۆ کردووە، بە ئامانجی فراوانکردنی توانای بەرهەمهێنانی فڕۆکەی بۆمبهاوێژی "B-21 Raider" کە بە یەکێک لە پێشکەوتووترین فڕۆکەکانی جیهان دادەنرێت.

بەگوێرەی راگەیەندراوەکەی هێزی ئاسمانی ئەمریکا، ئەم رێککەوتنە دەبێتە هۆی زیادکردنی رێژەی بەرهەمهێنانی ساڵانەی فڕۆکەکە بە رێژەی %25، هاوکات ماوەی پێویست بۆ دروستکردن و رادەستکردنی کەم دەکاتەوە، بێ ئەوەی کاریگەری لەسەر تێچوو و کوالێتیی کارایی فڕۆکەکە هەبێت، بودجەی تەرخانکراو بۆ ئەم پڕۆژەیە، کە 4.5 ملیار دۆلارە، پێشتر لە چوارچێوەی بودجەی ساڵی دارایی 2025دا پەسەند کراوە.

فڕۆکەی B-21 Raider بەوە ناسراوە کە توانای کارکردنی لە سەختترین ژینگە و بارودۆخی جەنگیدا هەیە، ئەمەش بەهۆی ئەو تەکنەلۆژیا پێشکەوتووانەی تێیدا بەکارهاتووە، وەک سیستەمی پێشکەوتووی خۆدزینەوە کە بینینی لەلایەن رادارەکانەوە زۆر قورس دەکات، هەروەها خاوەنی تۆڕێکی پەیوەندیی نەرم و سیستەمێکی فەرماندەیی و کۆنترۆڵی زیرەکە کە بە تەواوی پشت بە شیکردنەوەی داتا دەبەستێت.