چوار ساڵ بەسەر جەنگی رووسیا و ئۆکرانیا تێدەپەڕێت

چوار ساڵ بەسەر جەنگی نێوان رووسیا و ئۆکرانیا تێدەپەڕێت؛ ئەو لەشکرکێشییەی رووسیا کە لە 24ی شوباتی 2022 بۆ سەر ئۆکرانیا دەستیپێکرد، لە دوای جەنگی جیهانی دووەمەوە بە گەورەترین جەنگ و ململانێی ئەوروپا هەژمار دەکرێت.

ئەمڕۆ 24ی شوباتی 2026، لەگەڵ ئەوەی جەنگی نێوان رووسیا و ئۆکرانیا دەچێتە پێنجەم ساڵی شەڕ و پێکدادانەکان، بەڵام هیچ ئاسۆیەکی روون بۆ ئاگربەست و کۆتایی هاتنی جەنگەکە بەدی ناکرێت.

دۆناڵد تره‌مپ، سەرۆکی ئەمریکا، ساڵێکە چەند جارێک هەوڵی راگرتنی ئەو جەنگەی داوە و بەردەوام دەیڵێتەوە کە لەم خولەی سەرۆکایەتییدا، 8 جەنگی نێوان وڵاتانی راگرتووە و ئاشتەوایی بەرقەرار کردووە و بەردەوام دەبێت لە هەوڵەکانی بۆ راگرتنی جەنگی رووسیا و ئۆکرانیا، بەڵام هێشتا سەرکەوتوو نەبووە. هەروەها شاندی دانوستانکاری رووسیا و ئۆکرانیا چەند گەڕێکی دانوستانیان لە تورکیا و ئیمارات و دواجاریش هەفتەی رابردوو لە جنێڤ بەڕێ کردووە، بەڵام بێ ئەنجام بوون.

ئامارە سەرەکییەکانی ئەم جەنگە لە دوای هێرشی فراوانی سوپای رووسیا لە 24ی شوباتی 2022 دا:

1.8 ملیۆن کوژراو و بریندار

بە گوێرەی راپۆرتێکی ناوەندی لێکۆڵینەوەی ستراتیژی و نێودەوڵەتی (CSIS)، ژمارەی ئەو سەربازانەی لە هەردوولا کوژراون، بریندار بوون یان بێسەروشوێنن گەیشتووەتە 1.8 ملیۆن کەس. بەپێی خەمڵاندنەکان، رووسیا لە نێوان شوباتی 2022 بۆ کانوونی یەکەمی 2025، نزیکەی 1.2 ملیۆن زیانی گیانی هەبووە، کە 325 هەزاریان کوژراون؛ ئەمەش بە گەورەترین ژمارەی کوژراوانی هێزە گەورەکان لە دوای جەنگی دووەمی جیهان دادەنرێت. لە بەرانبەردا، ئۆکرانیا نزیکەی 600 هەزار زیانی گیانی هەبووە، کە 140 هەزاریان کوژراون. ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی سەرۆکی ئۆکرانیا رایگەیاندووە کە 55,000 سەربازیان کوژراوە.

14,999 کوژراوی مەدەنی

نەتەوە یەکگرتووەکان گیانلەدەستدانی 14 هەزار و 999 مەدەنی لە ئۆکرانیا تۆمار کردووە، هەرچەندە پێشبینی دەکات، ژمارە راستییەکە زۆر لەوە زیاتر بێت. هەروەها زیاتر لە 40 هەزار و 600 مەدەنی بریندار بوون و لانیکەم 763 منداڵیش گیانیان لەدەستداوە. ساڵی 2025 بە خوێناویترین ساڵ بۆ مەدەنییەکان دادەنرێت، کە تێیدا زیانە گیانییەکان بە رێژەی 31% زیادیان کردووە.

%19.4ی خاکی ئۆکرانیا داگیرکراوە

بەگوێرەی راپۆرتەکانی پەیمانگەی لێکۆڵینەوەی جەنگ، رووسیا 19.4%ی خاکی ئۆکرانیای داگیرکردووە. لە ساڵی رابردوودا، رووسیا تەنیا توانیویەتی 0.79%ی دیکەی خاکەکە کۆنترۆڵ بکات، ئەمەش نیشانەی چەقبەستوویی بەرەکانی جەنگە سەرەڕای تێچووی زۆری مرۆیی و سەربازی. پێش هێرشە هەمەلایەنەکە، رووسیا تەنیا 7%ی خاکی ئۆکرانیای لەژێر دەستدا بوو.

%13ی هاوکارییە سەربازییەکان کەمبوونەتەوە

هاوکارییە دەرەکییەکانی سەربازیی بۆ کیێڤ لە ساڵی رابردوودا بە رێژەی 13% کەمی کردووە. دوای ئەوەی دۆناڵد تره‌مپ پێدانی چەکی ئەمریکی راگرت، وڵاتانی ئەوروپا هەوڵیان دا ئەو بۆشاییە پڕ بکەنەوە و هاوکارییەکانیان بە رێژەی 67% زیاد کرد. هەروەها هاوکارییە مرۆیی و داراییە نێودەوڵەتییەکانیش بە رێژەی 5% کەمیان کردووە.

5.9 ملیۆن پەنابەر

نزیکەی 5.9 ملیۆن هاووڵاتی ئۆکرانی وڵاتیان جێهێشتووە، کە 5.3 ملیۆنیان لە وڵاتانی ئەوروپا نیشتەجێ بوون. جگە لەوەش، نزیکەی 3.7 ملیۆن کەسی دیکە لە ناوخۆی ئۆکرانیادا ئاوارە بوون. پێش جەنگ، ژمارەی دانیشتووانی ئۆکرانیا زیاتر لە 40 ملیۆن کەس بوو.

2,881 هێرش بۆ سەر کەرتی تەندروستی

بە گوێرەی راپۆرتێکی رێکخراوی تەندروستی جیهانی، لە سەرەتای جەنگەکەوە 2,881 هێرش کراوەتە سەر ناوەندە تەندروستییەکان، ئەمبوڵانسەکان و کۆگاکانی دەرمان لە ئۆکرانیا، کە ئەمەش کاریگەرییەکی توندی لەسەر ژیانی هاووڵاتییان دروست کردووە. 

رەگی ململانێی نێوان مۆسکۆ و کیێڤ بۆ ساڵی 2014 دەگەڕێتەوە، کاتێک خۆپیشاندانی بەرفراوان لە ئۆکرانیا دژی ڤیکتۆر یانوکۆڤیچ، سەرۆکی ئەو کاتەی وڵاتەکە ئەنجامدرا، کە نزیک بوو لە رووسیا. دوای رووخانی حکوومەتەکەی یانوکۆڤیچ، رووسیا نیمچەدوورگەی کریمیای کۆنترۆڵکرد و پشتگیریی خۆی بۆ چەکدارە جوداخوازەکانی هەرێمی دۆنباس لە رۆژهەڵاتی ئۆکرانیا راگەیاند.

بۆ ماوەی 8 ساڵ (لە 2014 تا 2022)، جەنگێکی سنووردار لە رۆژهەڵاتی ئۆکرانیا بەردەوام بوو. سەرەڕای واژۆکردنی رێککەوتننامەکانی "مینسک 1" و "مینسک 2" بە نێوەندگیریی وڵاتانی ئەوروپا، بەڵام ئاشتییەکی بەردەوام بەدی نەهات. مۆسکۆ هەمیشە نیگەرانیی خۆی لە فراوانبوونی هاوپەیمانی ناتۆ (NATO) بەرەو سنوورەکانی و نزیکبوونەوەی ئۆکرانیا لە رۆژئاوا دەردەبڕی.

لە کۆتاییەکانی ساڵی 2021، رووسیا زیاتر لە 150 هەزار سەربازی لەسەر سنوورەکانی ئۆکرانیا کۆکردەوە و داوای گەرەنتی ئەمنیی لە رۆژئاوا کرد. سەرەنجام لە بەرەبەیانی 24ی شوباتی 2022، ڤلادیمیر پوتن سەرۆکی رووسیا، بڕیاری "ئۆپەراسیۆنی سەربازیی تایبەت"ی بۆ سەر ئۆکرانیا راگەیاند؛ هێرشێک کە وەک گەورەترین جەنگی وشکانی لە دوای جەنگی جیهانی دووەم لە ئەوروپا ناوزەند دەکرێت.

لەو کاتەوە، جەنگەکە چەندین قۆناخی جیاوازی بەخۆیەوە بینیوە؛ لە هەوڵی سەرەتایی رووسیا بۆ کۆنترۆڵکردنی کیێڤ، تاوەکو پاشەکشەی هێزەکانی و چەقبەستنی شەڕ لە رۆژهەڵات و باشووری ئۆکرانیا. ئەم ململانێیە نەک تەنیا نەزمی ئەمنیی ئەوروپای گۆڕی، بەڵکو بووەتە هۆی سەپاندنی توندترین سزاکانی مێژوو بەسەر رووسیا و دروستبوونی قەیرانی وزە و خۆراک لەسەر ئاستی جیهان.