مەسرور بارزانی: دووسایدی هەولێر - گۆمەسپان بە ستانداردی نێودەوڵەتی جێبەجێ کراوە

ئەمڕۆ سێشەممە، 24ـی شوباتی 2026، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پڕۆژەی ستراتیژیی دووسایدی (هەولێر - گۆمەسپان)ـی بە رووی شۆفێران و هاووڵاتییاندا کردەوە و رایگەیاند، پڕۆژەکە ئاسانکارییەکی زۆر بۆ هاتوچۆ و بەیەکەوەبەستنی شار و شارۆچکەکانی کوردستان دەکات.

لە گوتارێکدا لە رێوڕەسمی کردنەوەی پڕۆژەکەدا، سەرۆکوەزیران ئاماژەی بەوە کرد، پێشتر هاتوچۆکردن لەو رێگەیەدا جێگەی مەترسی بوو، بەڵام ئێستا بە دروستکردنی ئەم دووسایدە، سەلامەتیی گیانی هاووڵاتییان بە پلەی یەکەم پارێزراوتر دەبێت.

سەرۆکوەزیران گوتیشی: "ئەم رێگەیە ئاسانکاری دەکات هاووڵاتییان بە کاتێکی کەمتر بگەنە شوێنەکان، هەروەها گرنگییەکی زۆری هەیە بۆ بەیەکەوەبەستنی هەولێر بە گۆمەسپان، دۆڵی سماقوڵی، کۆیە و سلێمانی، و لەلایەکی دیکەشەوە گەڕانەوە بۆ هەولێر لە ڕێگەی بەستۆڕەوە."

مەسرور بارزانی سوپاس و دەستخۆشی ئاراستەی کۆمپانیای جێبەجێکار (هێمن گرووپ)، ئەندازیاران، وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و پارێزگاری هەولێر کرد، کە توانیویانە لە کاتێکی پێوانەیی و بە ستانداردی نێودەوڵەتی پڕۆژەکە جێبەجێ بکەن. هەروەها خۆشحاڵی و سەربەرزیی خۆی دەربڕی کە ئێستا لە هەرێمی کوردستان کۆمپانیای ناوخۆیی ئاستبەرز هەن دەتوانن پڕۆژەی وا گەورە دروست بکەن.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، سەرۆکی حکوومەت باسی لە بووژانەوەی کەرتی گەشتیاری لە ناوچەکە کرد، بەتایبەتی دوای تەواوبوونی بەنداوی گۆمەسپان کە رێگایەکی هاوشێوەی بۆ دروستکراوە. هیوای خواست بەهۆی بارانبارینی باشی ئەمساڵەوە، هاووڵاتییان لە وەرزی بەهاردا بتوانن بە ئاسانی سەردانی ناوچەکە بکەن و چێژ لە سروشتی جوانی کوردستان وەربگرن.

لە کۆتایی پەیامەکەیدا، مەسرور بارزانی داوایەکی ئاراستەی شۆفێران کرد و گوتی: "داواکارم لە خەڵک بۆ پاراستنی ژیانی خۆیان و هاووڵاتییانی دیکە، رێنماییەکانی هاتوچۆ لەبەرچاو بگرن و بە خێرایی ئۆتۆمبێل لێ نەخوڕن، بۆ ئەوەی ئێمەش بتوانین خزمەتی زیاترتان پێشکەش بکەین."

دەقی گوتاری سەرۆکی حکوومەت لە کاتی کردنەوەی پرۆژەکە:

بەڕێزان، ئامادەبووانی هێژا، پێش هەموو شتێک شوکر بۆ خوا کە دەرفەتی پێداین بتوانین ئەم خزمەتگوزارییە پێشکەشی خەڵکی هەموو کوردستان بکەین و بەتایبەتی خەڵکی شاری هەولێر و هەولێری خۆشەویست و دەوروبەری.

من سوپاسێکی بێپایانی کاک هێمن دەکەم و هێمن گرووپ کە وەک هەمیشە لە کاتێکی پێوانەیی، بە شێوازێکی زۆر جوان و ستانداردێکی نێودەوڵەتی، توانییان ئەم پڕۆژە گەورەیە جێبەجێ بکەن و بیخەنە خزمەتی خەڵکی کوردستان. 

لێرەدا بەتایبەت دەمەوێ دەستخۆشی لە ئەندازیاری بەتوانا کاک ئەمیر و هەموو فەرمانبەر و ئەندازیار و ئەو کەسانەش بکەم کە کاریان تێدا کردووە، دەستخۆشی لە هەمووتان دەکەم، ماندوو نەبن، زۆر زەحمەتتان کێشاوە. و ئێمە زۆر دڵخۆشین و سەربەرزین کە لە هەرێمی کوردستان ئێمە ئێستا کۆمپانیای وامان هەیە بتوانن پڕۆژەی وا گەورە بەم ئاستە بەرزە دروست بکەن، ئینشائەڵڵا نموونەتان زۆر بێت.

سوپاسی جەنابی وەزیر، جەنابی پارێزگار، و هەموو ئەو بەرپرس و لایەنە پەیوەندیدارانە دەکەم کە زەحمەتیان کێشا و بەشداربوون لە بەجێگەیاندن و تەواوکردنی ئەم پڕۆژە گەورەیە. ئەمە پڕۆژەیەکی گەورەیە کە دەتوانێت خزمەتی هاتووچۆی هاووڵاتییان بکات، لە هەمان کاتدا بابەتی سەلامەتی هاووڵاتییانیش لەبەرچاو گیراوە و بێگومان هاووڵاتی پارێزراوتر دەبێت.

هەموومان بەو ڕێگەیەدا هاتووچۆمان کردووە، من بیرمە زۆرجار دەهاتین لێرە، سەردانی هەولێرمان دەکرد یان بەم ڕێگەیەدا دەگەڕاینەوە، بەڕاستی جێگەی مەترسی بوو؛ بەڵام ئێستا بەم شێوازە کە ئەم ڕێگەیە دروستکراوە، هەم هاووڵاتییان دەتوانن بە کاتێکی کەمتر سەردانی ناوچە دڵخوازەکانی خۆیان بکەن، هەم خەڵکی دەوروبەری هەولێر دەتوانن بۆ راپەڕاندنی کارەکانیان سەردانی هەولێر بکەن. و ئەمە ئاسانکاریش دەکات بۆ بەیەکەوە بەستنی شار و شارۆچکەکان لەنێوان هەموو شارەکانی کوردستان، لەم کاتەدا بەتایبەتی لێرە کە هەولێر بە گۆمەسپان و دۆڵی سماقوڵی و ڕێگەی کۆیە و سلێمانی دەبەستێتەوە. لەلایەکی تریشەوە دیسان ئەمە بەردەوام دەبێت بۆ گەڕانەوە بە ڕێگەی بەستۆڕە و جارێکی تر بۆ هەولێر.

شوێنی گەشتیاری زۆر لەم دەڤەرە هەیە و هەندێکی دەستی پێکراوە و بوونەتە شوێنی گەشتیاری، بەتایبەتی بەنداوی گۆمەسپان کە ئێستا دروستکراوە، دیسان پێشتریش ڕێگایەکی هاوشێوەی ئەمە لە دەوری بەنداوەکە هەیە، کە ئەمە ئاسانکاری زۆر دەکات بۆ خەڵکی خۆشەویستی کوردستان و هەولێر، کە ئینشائەڵڵا لەم وەرزەدا، وەرزی هاتنی بەهار، هیوادارین وەرزێکی خۆش بێت، ئاووهەوا تەمانا دەکەم خۆش بێت چونکە بارانێکی باشمان بۆ باریوە، خەڵک بتوانن چێژ لەو سروشتە جوانەی کوردستان وەربگرن.

داواکاریشم لە خەڵک ئەوەیە رێنماییەکانی هاتووچۆ لەبەرچاو بگرن و بۆ پاراستنی ژیانی خۆیان و هاووڵاتییانی تر، خێرا سەیارە لێ نەخوڕن. هیوادارین هەمووتان سەربەرز بن، ئێمەش بتوانین زیاتر خزمەتی ئێوەی بەڕێز و خۆشەویست بکەین. جارێکی تر پیرۆزە لە هەمووتان، دەستخۆش.