لە ساڵی 2025دا رووسیا زیاتر لە 16 هەزار سزای نێودەوڵەتی بەسەردا سەپێنراوە
لە نوێترین راپۆرتی ساڵانەی تایبەت بە بارودۆخی ئابووریی جیهان، رووسیا لە پێشەنگی ئەو وڵاتانەدا دێت کە قورسترین و زۆرترین سزای ئابوورییان لەسەرە. بەگوێرەیداتاکانی پلاتفۆرمی "sanctions.io" کە تایبەتە بە چاودێریکردنی پابەندبوونی نێودەوڵەتی، رووسیا رووبەڕووی زیاتر لە 16 هەزار رێوشوێنی سزادانی جۆراوجۆر بووەتەوە، ئەمەش وایکردووە ئابووریی ئەو وڵاتە لە گۆشەگیرییەکی بێوێنەدا بێت.
سەرچاوەی ئەم سزایانە بۆ بەردەوامی جەنگی ئۆکرانیا و ئەو پێشێلکارییە یاساییانە دەگەڕێتەوە کە لەلایەن نووسینگەی کۆمیساریای باڵای مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە بەڵگە کراون. سزاکان بوارە هەستیارەکانی وەک؛ بلۆککردنی سەروەت و سامان، سنووردارکردنی بانکی، کۆنترۆڵکردنی هەناردەکردن، قەدەغەکردنی گەشتە ئاسمانییەکان، و سنووردارکردنی کەرتی وزە و کەشتیوانی دەگرێتەوە. وڵاتانی رۆژئاواش بەردەوامن لە وشککردنی سەرچاوە داراییەکانی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی رووسیا لە رێگەی بەئامانجگرتنی زنجیرەی دابینکردنی سەربازی و ناوەندە لۆجستییەکان.
لە لایەکی دیکەوە، کۆماری ئیسلامی ئێران بەهۆی نیگەرانییەکان لە بەرنامە ئەتۆمییەکەی، رۆڵی لە ململانێ ناوچەییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و دۆسیەی مافەکانی مرۆڤ، هێشتا وەک یەکێک لەو وڵاتانە ماوەتەوە کە زۆرترین سزایان لەسەرە. ئەمریکا و یەکێتی ئەوروپا لە رێگەی یاسای سزاکانی ئێران و فەرمانی جێبەجێکردنی جۆراوجۆر، فشارەکانیان بۆ سەر قەوارە حکوومییەکانی تاران توندتر کردووە.
هاوکات، کۆریای باکوور کە لە ساڵی 2006ەوە، لەژێر قورسترین سزاکانی نەتەوە یەکگرتووەکاندایە، بەهۆی تاقیکردنەوە مووشەکییە بالیستیکییەکان و پەرەپێدانی چەکی ئەتۆمی، بە یەکێک لە گۆشەگیرترین ئابوورییەکانی جیهان دادەنرێت و بازرگانی و خزمەتگوزارییە داراییەکانی بە تەواوی سنووردار کراون.
راپۆرتەکە ئاماژەی بە گۆڕانکارییەکی بەرچاو کردووە لە دۆسیەی سووریا؛ دوای رووخانی بەشار ئەسەد، بەشێکی زۆر لەو سزایانەی کە بەهۆی شەڕەوە بەسەر ئەو وڵاتەدا سەپێنرابوون، هەڵگیراون.
لە کۆتایی لیستەکەدا ڤەنزوێلا دێت، کە دۆخی سزاکانی گۆڕانکاری بەسەردا هات دوای ئۆپەراسیۆنێکی تایبەتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، بووە هۆی دەستگیرکردنی نیکۆلاس مادۆرۆ، سەرۆکی پێشووی ئەو وڵاتە و هاوسەرەکەی، ئەمەش قۆناخێکی نوێی لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی ئەو وڵاتە هێناوەتە ئاراوە.