بەرهەمهێنانی چەک بۆ ئۆکرانیا دەرگای گەڕانەوەی لەبەردەم رینۆی فەرەنسی بۆ رووسیا داخست

باڵیۆزخانەی رووسیا لە فەرەنسا هۆشدارییەکی توند دەداتە کۆمپانیای "رینۆ"ی فەرەنسی بۆ پیشەسازیی ئۆتۆمبێل و رایدەگەیەنێت، گۆڕینی ئاراستەی کۆمپانیاکە بەرەو بەرهەمهێنانی ئۆتۆمبێلی سەربازی بۆ سوپای فەرەنسا و ئۆکرانیا، رێگەی گەڕانەوەی بۆ بازاڕەکانی رووسیا بۆ هەمیشە دادەخات.

نێردەی دیپلۆماسیی رووسیا لە پاریس بە رۆژنامەی "ئیزڤێستیا"ی راگەیاندووە: "تێوەگلانی پیشەسازیی ئۆتۆمبێلی فەرەنسا، بەتایبەت کۆمپانیایەکی مەدەنیی سەرکەوتووی وەک رینۆ لە بەرهەمهێنانی کەرەستەی سەربازیدا، نیشانەی بەسەربازیکردنی خێرای ئابووریی فەرەنسایە." مۆسکۆ دەڵێت، بە جێبەجێکردنی ئەم جۆرە داواکارییە سەربازییانە، سەرکردایەتیی رینۆ، کۆمپانیاکەی لە هەموو دەرفەتێکی گەڕانەوە بۆ بازاڕی رووسیا بێبەش کرد.

لای خۆیەوە ئەلێکساندەر شۆخین، سەرۆکی یەکێتیی پیشەسازیی رووسیا رایگەیاند، هەرچەندە پێوەرەکانی گەڕانەوەی کۆمپانیا رۆژئاواییەکان بە یاسا رێکنەخراون، بەڵام حکوومەت و پەرلەمانی وڵاتەکەی رێگە بە گەڕانەوەی هیچ کۆمپانیایەک نادەن کە دەستی لە پاڵپشتیی سەربازیی ئۆکرانیادا هەبووبێت.

بە گوێرەی زانیارییەکانی رادیۆی "Franceinfo"، کۆمپانیای رینۆ لە تشرینی یەکەمی 2025ـەوە پلانی بۆ بەرهەمهێنانی درۆنی لە ناو خاکی ئۆکرانیا داڕشتووە، هەروەها لە شوباتی 2026 گرێبەستێکی بۆ بەرهەمهێنانی درۆن بۆ سوپای فەرەنسا واژۆ کردووە.

مۆسکۆ پێشتر هۆشداری دابوو کە ناردنی چەک بۆ ئۆکرانیا رێگرە لەبەردەم چارەسەری ئاشتییانە و وڵاتانی ناتۆ راستەوخۆ دەگلێنێتە ناو ململانێکانەوە. سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی رووسیاش رایگەیاندووە، هەر بارێکی چەک کە بەرەو ئۆکرانیا بڕوات، دەبێتە ئامانجێکی رەوا بۆ هێزەکانی رووسیا.

کۆمپانیای رینۆ پێش دەستپێکردنی جەنگی رووسیا و ئۆکرانیا لە شوباتی 2022، یەکێک بوو لە گەورەترین وەبەرهێنەرە بیانییەکان لە کەرتی پیشەسازیی ئۆتۆمبێلی رووسیا و خاوەنی پشکی شێری کۆمپانیای "ئاڤتۆڤاز" (بەرهەمهێنەری لادا) بوو. دوای دەستپێکردنی جەنگەکە، رینۆ بە ناچاری رووسیای جێهێشت و کارگەکانی بە نرخێکی کەم رادەستی دەوڵەتی رووسیا کرد، بەڵام مافی کڕینەوەی پشکەکانی بۆ شەش ساڵ پاراستبوو؛ ئێستا بەهۆی چوونی کۆمپانیاکە بۆ ناو پیشەسازیی چەک، مۆسکۆ هەڕەشەی هەڵوەشاندنەوەی ئەو دەرفەتە دەکات.