مافیایەك دەبێتە هەڕەشە بۆ یارییەكەی عێراق

فیفا لەوانەیە مافی میوانداریكردنی یارییەكانی مۆندیال لە مەكسیك وەربگرێتەوە


دۆخی ئەمنی مەکسیک بە تەواوەتی شلەژاوە مەترسی لەسەر بەڕێوەچوونی مۆندیالی 2026 لەو وڵاتە هەیە و لەوانەیە یاریی عێراق لە قۆناخی پاشکۆی پاڵاوتنی مۆندیالی 2026 بگوازرێتەوە وڵاتێکی دیکە کە وابڕیارە مانگی داهاتوو عێراق لە شاری گوادالاخارا رووبەڕووی براوەی نێوان سورینام و بۆلیڤیا ببێتەوە.
کەمتر لە چوار مانگ بۆ مۆندیالی 2026 ماوە و دۆخی ئەمنی مەکسیک یەکێک لە میوانداریکارانی مۆندیال تەواو شڵەژاوە، بەهۆی کوژرانی یەکێک لە مافیایە گەورەکانی بازگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکان شەڕ و ئاڵۆزی لە چەندان شاری مەکسیک دروستبووە، تەنانەت چەند شارێک لە ژێر کۆنتڕۆڵی حکوومەت نەماون.
مەکسیک وابڕیارە میوانداریی 13 یاریی مۆندیالی 2026 بکات، بەڵام بەهۆی ئەو شەڕ و ئاڵۆزییەی لەو وڵاتە دروستبووە ئێستا مەترسی کەوتووەتە سەر ئەو چەند یارییەی بڕیاردراوە لە مەکسیک بکرێت، لەوانەیە یارییەکانی قۆناخی پاشکۆی پاڵاوتنی مۆندیالیش بگوازرێتەوە وڵاتێکی دیکە، کە مانگێکی دیکە عێراق لە مەکسیک لە شاری مۆنتێری یارییە چارەنووسسازەکەی بەرامبەر براوەی یاریی سورینام و بۆلیڤیا دەکات.
رۆژ لەدوای رۆژ تا دێت گێرەشێوێنی و کاری تێکدەرانەی گرووپە چەکدارەکەی ئێل مینچۆ گەورە مافیای کۆژراوی بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکان زیاتر دەبێت و زۆربەی شارەکانی مەکسیکی گرتووەتەوە، بەڵام تاوەکو ئێستا فیفا هیچ هەڵوێستێکی فەرمی لەبارەی دۆخی ئەمنی مەکسیک بڵاونەکردووەتەوە.
شارەکانی مەکسیکۆ و مۆنتێری و گوادالاخارا دەستنیشانکراون بۆ ئەوەی میوانداریی 13 یاریی مۆندیالی 2026 بکەن کە یاریی ئیسپانیا و ئۆرۆگوای یەکێکە لە دیارترین ئەو یارییانەی لە قۆناخی کۆمەڵەکان لە مەکسیک دەکرێت و یاریی کرانەوەی مۆندیالیش هەر لەو وڵاتە لە شاری مەکسیکۆ لە نێوان مەکسیک و باشووری ئەفریقا دەکرێت.
لێژنەی فریاکەوتن لە فیفا بڕیاریداوە لە نزیکەوە چاودێری دۆخی ئەمنی مەکسیک بکات بۆ ئەوەی خۆیان بۆ هەر حاڵەتێکی نەخوازراو ئامادە بکەن، لەوانەیە ئەگەر ئەو دۆخەی ئەمنییەی لە مەکسیک دروستبووە درێژە بکێشێت، فیفا بڕیاری دابەشکردنی یارییەکان بەسەر ئەمریکا و کەنەدا بدات و مافی میوانداریکردنی مۆندیال لە مەکسیک وەربگیرێتەوە.