هاوینی ئەمساڵ پڕۆژەی ئاوی گۆپتەپە - چەمچەماڵ تەواو دەکرێت
قایمقامی قەزای چەمچەماڵ رایدەگەیەنێت، 30٪ـی کارەکانی پڕۆژەی ئاوی گۆپتەپە - چەمچەماڵ تەواو بووە و تاوەکو ئێستاش هیچ گرفتێکی دارایی بۆ خەرجکردنی پارەی پڕۆژەکە دروست نەبووە.
ئـــــــەمڕۆ سێشەممە، 24ـی شوباتی 2026، ئاسۆ بەکر، قایمقامی قەزای چەمچەماڵ بە کوردستان24ـی راگەیاند، لە سەرەتای دەستپێکردنی پڕۆژەی ئاوی گۆپتەپە - چەمچەماڵ تاوەکو ئێستا 30٪ـی کارەکانی جێبەجێ کراوە. هەروەها گوتی، گوژمەی پڕۆژەکە زیاتر لە 70 ملیار دینارە؛ مانگانە بەپێی رێژەی کارکردن پارەی بۆ خەرج دەکرێت و کارکردن تێیدا بەردەوامە.
پڕۆژەی ئاوی گۆپتەپە - چەمچەماڵ یەکێکە لە پڕۆژە ستراتیژییەکانی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ چارەسەرکردنی بنەڕەتیی قەیرانی ئاو لە پایتەختی ئەنفال. سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی بەردی بناغەی پڕۆژەکەی داناوە و ئامانج لێی راکێشانی ئاوی خاوێنە لە زێی بچووکەوە بۆ ناوچەکە.
گرێبەستی ئەم پڕۆژە گرنگە لە حوزەیرانی ساڵی 2024 واژۆ کراوە و ماوەی 720 رۆژ بۆ تەواوکردنی دیاری کراوە. قایمقامی چەمچەماڵ دووپاتی دەکاتەوە هەموو هەوڵێک دەدرێت کارکردن تێیدا رانەگیرێت بۆ ئەوەی لە هاوینی ئەمساڵدا بەکۆتا بێت.
بەپێی نەخشەی پڕۆژەکە، توانای بەرهەمهێنانی 3400 مەتر سێجا ئاوی خاوێنی هەیە و زیاتر لە 480 هەزار کەس لە سەنتەری شاری چەمچەماڵ و ناحیەکانی دەوروبەری لێی سوودمەند دەبن. بە تەواوبوونی ئەم کارە، کێشەی دێرینی کەمئاوی لە ناوچەکەدا کۆتایی دێت؛ پێشتر دانیشتووانی چەمچەماڵ لە وەرزی هاویندا رووبەڕووی کەمئاوییەکی سەخت دەبوونەوە و هەندێک جار بۆ ماوەی 10 رۆژ ئاوی خواردنەوەیان پێنەدەگەیشت.