بۆ یەکەمجار ئافرەتێک دەبێتە سەرۆکی دادگای هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ

بۆ یەکەمجار ئافرەتێک دەبێتە سەرۆکی دادگای هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ
بۆ یەکەمجار ئافرەتێک دەبێتە سەرۆکی دادگای هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ

بۆ یەکەمجار لە هەرێمی کوردستان؛ ئافرەتێک سەرۆکایەتیی دادگای هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ دەکات.

ئەمڕۆ سێشەممە، 24ـی شوباتی 2026، وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە هەنگاوێکی نوێدا بۆ پاڵپشتیکردنی پێگەی ئافرەتان لە کایەی سەربازی و ئەمنیدا، پۆستی سەرۆکی دادگای هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ/ دوو، بە ئەفسەرێکی ئافرەت سپارد.

رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ پێشوازی لە عەمیدی مافپەروەر چرا ئەحمەد لەتیف کرد؛ لە دیدارەکەدا عەمید چرا بە فەرمی وەک سەرۆکی دادگای هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ/ دوو بە وەکالەت دەستبەکار بوو.

 وەزیری ناوخۆ پیرۆزبایی گەرمی ئاڕاستەی عەمید چرا کرد و هیوای سەرکەوتنی لە راپەڕاندنی ئەو ئەرکە هەستیارەدا بۆ خواست.

ئەم بڕیارە بەشێکە لە ستراتیژی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بەهێزکردنی ڕۆڵی ئافرەتان لە جومگە گرنگەکانی سەرکردایەتی و بڕیاردان، بە تایبەت لە ناو هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆدا. دانانی عەمیدی مافپەروەر چرا ئەحمەد وەک یەکەم ئافرەت لەم پۆستەدا، وەرچەرخانێکە لە مێژووی دادگاکانی هێزە ئەمنییەکان.

بەپێی پەیڕەو و یاساکانی وەزارەتی ناوخۆ، دادگای هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ تایبەتمەندە بە دادگاییکردن و یەکلاکردنەوەی ئەو دۆسیانەی پەیوەستن بە سەرپێچی و تاوانە سەربازییەکانی کارمەندان و ئەفسەرانی سەر بە وەزارەتی ناوخۆ. بەپێی ئامارەکان رێژەی بەشداریی ئافرەتان لە هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ لە ماوەی کابینەی نۆیەمدا هەڵکشانی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە و چەندین ئەفسەری ئافرەت پلەی باڵایان وەرگرتووە.