پارتی رەنجی تورکیا: راپۆرتی کۆمیسیۆن باسی پرسی کوردی تێدا نەبوو، بۆیە دەنگمان بە نەخێر دا
سەید ئەسلان، سەرۆکی گشتیی پارتی رەنجی تورکیا (EMEP) رایدەگەیەنێت، هۆکاری دەنگدانیان بە نەخێر بۆ راپۆرتی کۆمیسیۆنی پەرلەمان، دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی راپۆرتەکە بەتاڵە لە هەر هەنگاوێکی کردەیی بۆ چارەسەری پرسی کورد و دەسەڵات تەنیا بۆ بەرژەوەندی خۆی بەکاری دەهێنێت.
سەید ئەسلان، سەرۆکی گشتیی پارتی رەنجی تورکیا (EMEP) سەبارەت بە هەڵوێستی پارتەکەیان لەسەر راپۆرتی ئەو کۆمیسیۆنەی بۆ پرۆسەی نوێ پێکهێنراوە بە کوردستان24ی گوت:وەک پارتی کار هەمیشە خوازیاری ئاشتی و دیموکراسی و چارەسەری پرسی کوردن، بەڵام ناوەڕۆکی راپۆرتەکە پێچەوانەی ئەمەیە. گوتیشی: ئەو ڕاپۆرتەی لە کۆمیسیۆن ئامادە کراوە، تەنانەت یەک وشەشی تێدا نییە کە باسی 'کورد' یان 'چارەسەری پرسی کورد' بکات. کێشەیەک کە دەیان هەزار کەسی تێدا بووەتە قوربانی و وڵاتی تووشی قەیران کردووە، بە تەواوی فەرامۆش کراوە."
سەرۆکی گشتیی پارتی رەنجی تورکیارەخنەی توندی لە هاوپەیمانیی دەسەڵات ئاکپارتی و مەهەپە گرت و رایگەیاند، سەرەڕای ئەوەی 24 ساڵە ئەردۆغان و 10 ساڵە دەوڵەت باخچەلی لە دەسەڵاتن، بەڵام هێشتا وەک ئۆپۆزیسیۆن قسە دەکەن.
ئەسلان گوتی: دەوڵەت باخچەلی باسی ئۆجەلان و دەمیرتاش و قەییوومەکان دەکات، وەک ئەوەی لە دەرەوەی دەسەڵات بێت. دەسەڵات دەتوانێت چارەسەر بکات نەک تەنیا قسە بکات. لەم ساڵەی دواییدا هیچ هەنگاوێک بۆ چارەسەر نەنراوە، بەڵکوو بە پێچەوانەوە دانانی قەییووم و گوشارەکان بەردەوامن.
سەبارەت بەوەی کە بۆچی دەم پارتی دەنگی بەڵێی داوە بەڵام پارتە چەپەکانی وەک پارتی رەنجی تورکیا و پارتی کرێکارانی تورکیا دەنگی نەخێریان داوە، سەید ئەسلان روونی کردەوە: دەم پارتی بۆ ئەوەی دەرگای گفتوگۆ دانەخرێت و پرۆسەکە بەردەوام بێت دەنگی بەڵێی داوە، هەرچەندە ئەوانیش دان بە کەمکوڕییە زۆرەکاندا دەنێن، بەڵام ئێمە پێمان وایە ئەمە چارەسەر نییە و دەسەڵات پرۆسەکە وەک ئامرازێک بۆ دەستکەوتی سیاسی بەکاردەهێنێت نەک بۆ چارەسەری ڕاستەقینە.