بەرپرسێکی باڵای ئێران: ئێمە سووریا و لیبیا نین و هەر هێرشێک بکرێتە سەرمان، شەڕی ناوچەیی لێ دەکەوێتەوە

بەرپرسێکی باڵای سەربازیی ئێران ڕایدەگەیەنێت، دەبێت ئەمەریکا ئەوە بزانێت کە ئێران هاوشێوەی سووریا، لیبیا یان ڤەنزوێلا نییە و هەر هێرشێک بکرێتە سەریان، بە وەڵامێکی یەکلاکەرەوە ڕووبەڕووی دەبنەوە کە ڕەنگە دەرگا بۆ شەڕێکی ناوچەیی بکاتەوە.

ئەمڕۆ سێشەممە 24ـی شوباتی 2026، ڕەسوڵ سەنایی ڕاد، یاریدەدەری کاروباری سیاسی لە نووسینگەی عەقیدەتی-سیاسیی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی ئێران ڕایگەیاند، نابێت ئەمەریکا ئێران تێکەڵ بە وڵاتانی دیکە بکات، چونکە دۆخی تاران جیاوازە لە دۆخی لیبیا و سووریا و ڤەنزوێلا.

سەنایی ڕاد ئاماژەی بەوەش دا: جووڵەی کەشتییە فڕۆکەهەڵگرەکان و کەشتییە جەنگییەکانی ئەمەریکا لە ناوچەکەدا، چیتر توانای بڵاوکردنەوەی ترس یان کاریگەرییان لەسەر ئیرادەی ئێمە نەماوە.

ئەو بەرپرسە سەربازییە جەختی کردەوە کە ئێران توانای خۆڕاگریی هەیە و هەر نمایشێکی هێز لەلایەن واشنتنەوە بە مەبەستی فشار خستنەسەر مێزی دانوستانەکان، هەژمارێکی هەڵەیە.

هۆشداریشی دا، هەر گرژییەک تەنیا زیان بە ئەمەریکییەکان ناگەیەنێت، بەڵکوو دەبێتە هۆی ناسەقامگیرییەکی فراوانتر کە هاوپەیمانەکانی واشنتنیش دەگرێتەوە. هەروەها ئیسرائیلی تۆمەتبار کرد بەوەی کاریگەری لەسەر هەژمارەکانی ئەمەریکا داناوە و بەرەو هەڵسەنگاندنی هەڵەی بردوون سەبارەت بە دۆخی ئێران.

سەنایی ڕاد گوتیشی: ئەمەریکا تێڕوانینێکی ناتەواوی بۆ ئێران هەیە و هەر هەڵەیەک کە ئەنجامی بدات، دەبێتە هۆی زیانی ماددی و مەعنەوی بۆ خۆیان.

ئەو بەرپرسە ئێرانییە هۆشداریی توندی دا و گوتی: وەڵامی ئێران توند و یەکلاکەرەوە دەبێت و ڕەنگە ببێتە هۆی هەڵگیرسانی شەڕێکی ناوچەیی کە سنوورەکانی ئێستا تێپەڕێنێت، داواشی لە ئەمەریکا کرد بەدوای ئەجێنداکانی ئیسرائیل نەکەوێت، چونکە باجەکەی قورس دەبێت.