بەرەبەیانی سبەی، ترەمپ یەکەم گوتاری ساڵانەی خولی دووەمی سەرۆکایەتییەکەی پێشکەش دەکات
بڕیارە بەرەبەیانی سبەی، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، لەبەردەم کۆنگرێسدا یەکەمین گوتاری ساڵانەی خۆی (State of the Union) لەم خولەی سەرۆکایەتییدا پێشکەش بکات و تێیدا نەخشەڕێگە و پلانەکانی ئیدارەکەی بۆ ساڵی داهاتوو دەخاتە ڕوو.
بەپێی زانیارییەکان، گوتارەکە کاتژمێر 9:00ـی ئەمشەو بە کاتی واشنتن، کە دەکاتە کاتژمێر 5:00ی بەرەبەیانی سبەی چوارشەممە 25ی شوباتی 2026، بە کاتی هەولێر، پێشکەش دەکرێت. ئەمە دەبێتە یەکەمین گوتاری فەرمیی ساڵانە و دووەمین گوتاری ترەمپ لەبەردەم کۆنگرێس لەم ئیدارە نوێیەیدا.
کارۆلاین لیڤت، سکرتێری ڕۆژنامەوانیی کۆشکی سپی لەبارەی ناوەڕۆکی گوتارەکەوە ڕایگەیاند، سەرۆک ترەمپ لە گوتارەکەیدا سەرنج دەخاتە سەر کۆمەڵێک دەستکەوتی ئیدارەکەی کە بە گوتەی خۆیان ژمارەی پێوانەییان تۆمار کردووە. هەروەها ئەجێندای خۆی بۆ گەڕاندنەوەی خەونی ئەمەریکی دەخاتە ڕوو.
هەروەها عیسا حەسەن پەیامنێریی کوردستان24 لە ئەمریکا لەو بارەوە گوتی: بە گوتەی دۆناڵد ترەمپ، یەکێک دەبێتە لە درێژترین گوتارەکان کە پێشبینی دەکرێت زیاتر لە کاتژمێرێک بخایەنێت؛ هاوکات ڕاوێژکارەکانی پێیانی ڕاگەیاندووە، وا باشتر سەرنجی زیاتر لەسەر پرسە ناوخۆییەکان بێت؛ بۆ پێشبینی دەکرێت، زیاتر باس لە دەستکەوتەکان و پرسە ئابووری و ناوخۆییەکان بکات.
ئاماژەشی دا، پرسی کۆچبەرانیش بابەتێکی دیکە دەبێت کە سەرۆکی ئەمریکا لە گوتارەکەیدا باسی لێوە دەکات، هەروەها پرسی ئێران، یەکێک دەبێت لە بابەتەکان، کە ترەمپ پلانی ئیدارەکەی لەبارەی ئەو پرسەوە دەخاتە ڕوو.
بەپێی دەستووری ئەمەریکا، سەرۆکی وڵات پابەند کراوە بەوەی ماوە بە ماوە زانیاری لەبارەی دۆخی وڵات بداتە کۆنگرێس. وەک نەریتێکی سیاسی، هەموو ساڵێک لە مانگی کانوونی دووەم یان شوبات، سەرۆک لە دانیشتنێکی هاوبەشی ئەنجوومەنی نوێنەران و پیراندا، باسی بودجە، دۆخی ئابووری، دەستکەوتەکان و پلانەکانی بۆ ساڵی داهاتوو دەکات.