كونسوڵی رووسیا ستایشی هەوڵەکانی سەرۆک بارزانی دەکات
کونسوڵی گشتیی رووسیا لە هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، مۆسکۆ بە وردی چاودێریی دۆخی سووریا دەکات و بە بایەخەوە دەڕوانێتە هەوڵەکانی سەرکردایەتیی سیاسیی هەرێمی کوردستان بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان. هاوکات ستایشی رۆڵی سهرۆك بارزانی کرد، له هاریكاریكردنی دیمهشق و هەسەدە بۆ ئهوهی بگهن به رێككهوتن.
سێشەممە، 24ـی شوباتی 2026، ماکسیم رۆبن، کونسوڵی گشتیی رووسیا لە هەرێمی کوردستان، لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتدا لەگەڵ کەناڵی کوردستان24، کە بڕیارە ئەمشەو کاتژمێر 9:00 پەخش بکرێت، دیدگای وڵاتەکەی سەبارەت بە پەرەسەندنەکانی دۆخی سووریا و رۆڵی هەرێمی کوردستان لە پرۆسەی ئاشتیدا خستە روو.
دیپلۆماتکارە باڵاکەی رووسیا ئاماژەی بە پێگە و گرنگیی جیۆپۆڵەتیکیی سووریا کرد و رایگەیاند: "سووریا یەکێکە لە وڵاتە میحوەرییەکان لەسەر ئاستی ناوچەکە و جیهانی عەرەبی. ئەو جەنگ و پشێوییەی ماوەی چەندین ساڵە لەو وڵاتەدا بەرپا بووە، زیانی بە سەقامگیریی تەواوی ناوچەکە گەیاندووه".
جەختیشی کردەوە کە رووسیا هەوڵێکی زۆری داوە بۆ چارەکردنی قەیرانەکە و لەم قۆناغەشدا ئامادەی هەموو هاوکارییەکە.
سەبارەت بە گرژییەکانی ئەم دواییەی باکووری رۆژهەڵاتی سووریا، ماکسیم رۆبن روونی کردەوە، کە مۆسکۆ لە نزیکەوە چاودێریی دۆخەکە دەکات، بە تایبەتیش چاودێریی ئەو هەنگاوانە دەکات کە سەرکردایەتیی هەرێمی کوردستان بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە گرتوویەتە بەر.
کۆنسوڵی رووسیا لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ستایشی رۆڵی سەرۆک بارزانی و سەرکردایەتیی سیاسیی هەرێمی کوردستانی کرد و گوتی: "ئێمە دەزانین کە سەرۆک بارزانی و کاک نێچیرڤان بارزانی ئامۆژگاریی زۆر بەسوود و بنیاتنەرانەیان پێشکەش بە هەردوو لایەنی دیمەشق و هەسەدە کردووە، هەروەها میوانداریی شاندی هەردوولایان کردووە بۆ ئەنجامدانی گفتوگۆ."
ناوبراو ئەو هەنگاوانەی هەرێمی کوردستانی بە "ئەرێنی و کاریگەر" وەسف کرد و هیوای خواست ئەو گفتوگۆیانەی کە بە سەرپەرشتی و میوانداریی هەولێر بەڕێوە دەچن، ئەنجامی ئەرێنییان هەبێت و ببنە هۆی رەواندنەوەی گرژییەکان و گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی گشتگیر لە سووریا.