هەڤپەیڤینی تایبەتی کوردستان24 لەگەڵ کونسوڵی گشتیی رووسیا لە هەرێمی کوردستان
لە هەڤپەیڤینێکی تایبەتدا لەگەڵ کوردستان24 کە لەلایەن ژینۆ محەممەد پێشکەش کرا، مەکسیم رۆبن، کونسوڵی گشتیی رووسیا لە هەرێمی کوردستان، سەرنجی خستە سەر دۆخی جەنگی ئۆکرانیا دوای چوار ساڵ، پەیوەندییەکانی مۆسکۆ و هەولێر، و رۆڵی سەرکردایەتیی کورد لە ناوچەکەدا. رۆبن بە گەشبینییەوە باسی لە دانوستانەکانی نێوان رووسیا و ئۆکرانیا کرد و رایگەیاند، هیوادارن لە کۆتاییدا ئەنجامێکی ئەرێنی بەدەست بهێنن، بە تایبەتی دوای ئەو لێکتێگەیشتنەی لەگەڵ ئیدارەی نوێی ئەمەریکا لە ئالاسکا پێی گەیشتوون؛ جەختیشی کردەوە کە وڵاتەکەی لەم جەنگەدا بەهێزتر بووە و کۆمەڵگەی رووسی یەکگرتووتر بوونەتەوە و رووسیا خوازیاری ئۆکرانیایەکی بێلایەنە کە نەبێتە ئەندامی ناتۆ، و داوای کشانەوەی هێزەکانی ئۆکرانیای کرد لە هەرێمی دۆنباس.
کوردستان24: جەنابی کونسوڵ بە خێر هاتیت، خۆشحاڵم کە جارێکی دیکە پێکەوە گفتوگۆ دەکەین.
مەکسیم رۆبن: بەر لە هەموو شتێک، دەمەوێت سوپاست بکەم بۆ بانگهێشتکردنم. دەمەوێت بڵێم، ئەمە دووەم چاوپێکەوتنە بەیەکەوە دەیکەین. ژینۆ تۆ بوویتە کەسێکی شارەزا لە چاوپێکەوتن لەگەڵ کونسوڵەکانی رووسیا لە هەولێر. بەر لەوەی دەست پێ بکەین، دەمەوێت پیرۆزبایی دەستپێکردنی مانگی پیرۆزی رەمەزان لە موسڵمانانی کوردستان و تەواوی عێراق بکەم. هاوکات پیرۆزبایی لە کریستیانەکانی عێراقیش بکەم، بە بۆنەی دەستپێکردنی بەرۆژووبوونیان، کە پێی دەڵێین لانت و پێش ئیستەرە.
کوردستان24: ئەمڕۆ چوار ساڵ بەسەر جەنگی ئۆکرانیا و رووسیا تێدەپەڕێت، من ئەوەم لە بیر نەکردووە کە جاری پێشوو گوتت ئۆپەراسیۆن نەک جەنگ، دەمەوێت بزانم رووسیا چی بەدەستهێنا، چی لەدەستدا لە ماوەی ئەو چوار ساڵەدا؟
مەکسیم رۆبن: لەبارەی ئۆپەراسیۆنی تایبەتمان لە ئۆکرانیا، کە لە 24ی شوباتی 2022 دەستیپێکرد، من دەمەوێت بڵێم، رووسیا بەهێزتر بووە، باوەڕ بە خۆبوونی زیاتر بووە و زیاتر پشت بە خۆی دەبەستێت. کۆمەڵگەکەمان یەکگرتووتر و تەباتر بووە. چونکە ئێمە دەزانین بۆچی و لەپێناو چی شەڕ دەکەین. بۆ داهاتوومان شەڕ دەکەین، بۆ سەربەخۆییمان، بۆ راستی و دادپەروەری شەڕ دەکەین. وڵاتەکەم ئۆپەراسیۆنی تایبەتی لە ئۆکرانیا دەستپێکرد بۆ ئەوەی بەرگری لە خەڵک بکات. خەڵکێک چەندین ساڵ لە ئۆکرانیا دەچەوسێندرانەوە. خەڵکێک لە مافەکانیان بێبەش کرابوون، لە مافە سەرەتاییەکانیان ژیانکردن بێبەش کرابوون، وەک ئاو و کارەبا. خەڵکێک، کە تەنیا هەڵەیان رەتکردنەوەی ئەو کوودەتایە بوو لە 2014 لە کیێڤ،لە ئۆکرانیا رەت دەکردەوە. خەڵکێک تەنیا هەڵەیان خواستی هێشتنەوە و مانەوەی ناسنامەی رووسیان بوو، کولتوور و زمانیان.
کوردستان24: دەڵێیت ئێمە بۆیە شەڕ دەکەین، ئاشتی بە دەست بهێنین و ئاشتی بەدی بێت، هیچ هیوایەک هەیە دوای چوار ساڵ ئاشتی بەدی بێت؟
مەکسیم رۆبن: بە دڵنیایەوە، بە دڵنیایەوە! ئێمە هیوادارین ئەو دانوستانانەی لە نێوان ئێمە و ئۆکرانییەکان بەڕێوەدەچن لە کۆتاییدا ئەنجامی ئەرێنییان هەبێت. سەرەڕای ئەو راستییەی وەک سەرۆکی شاندی ئێمە، ڤلادیمێر بیدینسکی باسی کرد، گفتوگۆی سەخت بوون، بەڵام هاوشێوەی بازرگانی بوون. ئێمە هیوادارین ئەم دانوستانانە لە کۆتاییدا ئەنجامی ئەرێنییان دەبێت. لەم بارەیەوە دەمەوێت باسی هەڵوێستی ئەرێنی ئەمریکییەکان بکەم. ئێمە سوپاسی هەڵوێستی ئیدارەی ئێستا و سەرۆک ترەمپ بکەم. ئێمە ئامادەین بۆ جێبەجێکردنی ئەو لێکتێگەیشتنەی لەگەڵ ئەمریکییەکان لە ئالاسکا پێی گەیشتین، کاتێک سەرۆکی ئێمە پوتن لەگەڵ سەرۆک ترەمپ کۆبووەوە. ئەم لێکتێگەیشتنە لەسەر بنەمای دانپێدانان و هۆکارە بنچینەییەکانی ئەم شەڕە و بڕبڕکردنیان بوو.
کوردستان24: ئێوە رازین لە ئەدای ئیدارەی ترەمپ؟
مەکسیم رۆبن: وەک ئێستا باس گوتم، ئێمە سوپاسی هەڵوێستی ئیدارەی ئێستای ئەمریکا دەکەین. رێگەیەکی توند و تۆڵە بۆ ئەو رووداوانەی لە ئۆکرانیا ڕوودەدەن. ئامادەین بەردەوامیی بەم دانوستانانە بدەین، لەسەر بنەمای ئەم هەستی هاندانە و ئەو لێکتێگەیشتنەی لە ئالاسکا پێی گەیشتین. کاتێک باسی هۆکارە بنەڕەتییەکانی ئەم شەڕە دەکەم، مەبەستم ئەوە ئۆکرانیا پێویستە بێلایەن بێت، نەبێتە ئەندامی ناتۆ و خواستی خەڵکی دۆنباس، کە بڕیاریاندا ببنە بەشێک لە خاکی فیدراسیۆنی رووسیا ڕەتنەکراوەیە.
کوردستان24: ئایە رووسیا مەرجی بۆ دانوستان و ئاشتی هەیە ؟
مەکسیم رۆبن: ئێمە تەواو پابەندین بەو لێکتێگەیشتنەی لەگەڵ ئەمریکییەکان لە ئالاسکا پێی گەیشتین. ئەم لێکتێگەیشتنە لەسەر بنەمای هۆکارە بنەڕەتییەکانی ئەم شەڕە و بنبڕکردنیانە. ئێمە دەمانەوێت ئۆکرانیا وڵاتێکی بێ لایەن بێت و نەچێتە ناو هیچ هاوپەیمانێتییەکی سەربازی ناتۆ. وڵاتێکی ئاشتیخواز بێت و توندوتیژ نەبێت. وڵاتێک تێیدا مافی هەموو دانیشتووان رێزی لێ بگیرێت. ئەمە یەکەم شتە. دووەم، خواستی خەڵکی دۆنباس، کە بڕیاریاندا ببنە بەشێک لە فیدراسیۆنی رووسیا رەتنەکراوەیە، بۆیە هێزەکانی ئۆکرانیا دەبێت لە هەرێمی دۆنباس بکشێنەوە.
کوردستان24: بۆ رووسیا بە دیاری کراوی لەم جەنگە لە ماوەی ئەو چوار ساڵە، کێ دۆست بوو کێش دوژمن بوو ؟
مەکسیم رۆبن: گرووپێک وڵات هەن سزایان بەسەر رووسیادا سەپاندووە، ئێمە ئەم وڵاتانە وەک وڵاتی دۆست دانانێن. لەگەڵ ئەوەشدا، زۆربەی وڵاتان بە پەرۆشن پەیوەندییەکی ئاساییان لەگەڵ ئێمەدا هەبێت، ئێمە ئەم وڵاتانە وەک دۆستی خۆمان دادەنێین. ئەوانیش زۆرینە و گەورەترین ژمارەی وڵاتانن لە جیهان. بۆ نموونە لە نێویاندا هەرێمی کوردستان، هاوکات لە نێویاندا عێراق وڵاتێکی دۆستە و پەیوەندییەکی باشمان هەیە، پەیوەندییەکی ئاساییمان لەگەڵ بەغدا هەیە.
کوردستان24: لە ماوەی ئەو چەند ساڵە، رووسییەکان چۆن خۆیان لەگەڵ سزاکان و ئەو جەنگە گونجاندووە، چییان کردووە؟
مەکسیم رۆبن: وەک باسم کرد، لە ماوەی ئەم ساڵانەدا، سەرەڕای ئەم هەموو سزایانە، ئێمە بەهێزتر و زیاتر پشتبەخۆبەستربووین. هاوکات بە دڵنیایەوە، لە سەرەتادا سزاکان کاریگەری خۆیان لەسەر ئێمە، لەسەر ئابووری ئێمە دەبێت، بەڵام بڕوام وایە ئێمە بە سەرکەوتووانە مامەڵەمان لەگەڵ راستییە نوێیەکە کردووە.
کوردستان24: بۆ ئەوەی باسی پەیوەندییەکانتان لەگەڵ هەرێمی کوردستان بکەم، وەڵامی ئەو پرسیارە گرنگە، رووسیا چۆن سەریری هاوسەنگی هێز لە جیهان دەکات ؟
مەکسیم رۆبن: رووسیا وڵاتێکی گەورەیە و هەمیشە رۆڵێکی گرنگی لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان گێراوە. هەروەها رووسیا وڵاتێکی بووژاوە و سەربەخۆ دەبێت. ئێمە دەبینین جیهان زیاتر بەرەو فرەجەمسەری دەڕوات.
کوردستان24: پەیوەندی رووسیا لەگەڵ هەرێمی کوردستان، پەیوەندییەکی لە مێژینەیە، دەکرێت بزانین پەیوەندییەکەیان ئێستا لە چ ئاستێک دایە و ڕووسیا چۆن سەیری پێگەی هەرێمی کوردستان لەو هەموو جەنجاڵییە و ئاڵنگارییەی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەیە، دەکات ؟
مەکسیم رۆبن: پەیوەندییەکی باش، درێژخایەن و دۆستانەی لەگەڵ هەرێمی کوردستان و گەلی کوردستان هەیە، لەسەر بنەمای بناغەیەکی پتەو، کە چەندین ساڵ لەمەوبەر بنیاتنراوە. بە تایبەتی حەز دەکەم ئاماژە بە قارەمانی کورد، مەلا مستەفا بارزانی بدەم، کە 12 ساڵی لە رووسیا بەسەر برد. دواتر گەڕایەوە کوردستان و بەردەوامی بە شۆڕشەکەی بۆ مافی گەلی کورد دا. ئێستا ئێمە پەیوەندییەکی باشمان لە ئاستی جیاواز لەگەڵ کوردستان هەیە، لە ئاستی مرۆیی، سیاسی، کولتوور و بە دڵنیایەوە ئابووریش. ئێمە دەبینین هەرێمی کوردستان رۆڵ دەبینێت و هەمیشە زانیومانە هەرێمی کوردستان روڵێکی گرنگ لە کاروبارەکانی ناوچەکەدا دەگێڕێت. دەبینین چۆن سەرکردەکانی کوردستان هەوڵ دەدەن بۆ یارمەتیدانی چارەسەرکردنی کێشەکان لە نێوان دیمەشق و کورد لە سووریا. سوپاسی ئەم هەوڵانە دەکەین و پێمان وایە، کاریگەری ئەرێنییان دەبێت.
کوردستان24: پرسیار لەسەر رۆڵی سەرۆک بارزانی و سەرکردەکانی کورد لە پرسی رۆژئاوا دەکەم، بەڵام سەرەتا دەکرێت بزانین لە رووی بازرگانی و ئابوورییەوە ئێستا چەند کۆمپانیای رووسی لە هەرێمی کوردستان وەبەرهێنان دەکەن؟ ئایە پلانتان هەیە ژمارەی ئەو کۆمپانیایانە زیاتر بکەن؟ هاوکات چۆن دەڕواننە ئەمنییەت و ئاسایشی هەرێمی کوردستان ؟
مەکسیم رۆبن: بێگومان، ئێمە پلانی فراوانکردنی پەیوەندییە ئابووری و بازرگانییەکانمان هەیە لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستاندا. ئێمە کوردستان وەک هاوبەشێکی سەقامگیری متمانەپێکراو دەبینین. چالاکییە ئابوورییە دوو لایەنەکانمان سەرنجی زیاتریان لەسەر کەرتی وزەیە کە چەندین ساڵە کۆمپانیاکانی ئێمە تێیدا کار دەکەن و نەوت دەردەهێنن. کۆمپانیاکە لە کارەکانی سەرکەوتوو بووە. بێگومان وەک هەر کۆمپانیایەکی دیکە لە کەرتی وزەدا رووبەڕووی ئاڵنگاری دەبنەوە، بەڵام هیوادارم گشت ئەو سەختییانە بە شێوەیەکی سەرکەوتوو چارەسەر بکرێن.
کوردستان24: لە کەرتی گەشتیارییەوە، رووسیا وڵاتێکی پێشکەوتووە و ئەزموونێکی باشی هەیە، هاوکات هەرێمی کوردستان ناوچەی گەشتیاری زۆرە، چۆن رووسیا دەتوانێت لەو کەرتە هاوکارمان بێت ؟
مەکسیم رۆبن: بڕوام وایە کە هەرێمی کوردستان دەرفەتێکی گەورەی لەبەردەمدایە بۆ پەرەپێدانی کەرتی گەشتیارییەکەی. ئێستا لە رووسیاش بەرەوپێشچوونی باش لە کەرتی گەشتیاریدا دەبینین و دەتوانین لەو بارەیەوە ئەزموون ئاڵوگۆڕ بکەین و بۆ نموونە دەتوانین لە ئاڵوگۆڕکردنی شاندەوە دەست پێبکەین و سەردانی شوێنە گەشتیارییەکان بکەن لە هەرێمی کوردستان و رووسیادا. پێم وایە ئەمە باشترین هەنگاوە بۆ دەستپێکردنی پەیوەندییەکی نزیک لە بواری گەشتیارییدا.
کوردستان24: لە ماوەی رابردوودا هێرشێکی تیرۆریستانە کرایە سەر ژێرخانی وزەی هەرێمی کوردستان، هەڵوێستی رووسیا لەو بارەوە چییە ؟
مەکسیم رۆبن: ئەمە بە لای ئێمەوە بە هیچ شێوەیەک قبووڵکراو نییە رووبدات جا ئەنجامدەرەکەی هەر لایەنێک بێت، چونکە ئەم جۆرە هێرشانە کاریگەرییان بەسەر ژیانی خەڵکەوە دەبێت بۆیە ئەمە بە هیچ شێوەیەک قبووڵکراو نییە.
کوردستان24: هەر وەکوو دەزانی رووداوەکانی رۆژئاوای کوردستان کاریگەریان لەسەر تەواو رۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەبوو، دەمەوێت بزانم هەڵویستی هەرێمی کوردستان و سەرۆک بارزانی بۆ بەرقەرارکردنی ئاشتی و راگرتنی ئەو شەڕە چۆن دەبینن ؟
مەکسیم ڕۆبن: سووریا یەکێکە لە وڵاتە میحوەرییەکانی هەرێمەکە و جیهانی عەرەبیدا. ئەو جەنگەی ماوەی چەندین ساڵە لەو وڵاتەدا هەڵگیرساوە و دۆخی ناوچەکەی شڵەژاندووە. بەدڵنیاییشەوە ئێمە وەک رووسیا هەوڵێکی زۆرمان خستە گەڕ بۆ چارەسەرکردنی و ئێستاش ئامادەین لەم قۆناخەدا هاریکار بین. ماوەیەکی زۆری بەسەردا تێنەپەڕیوە کە بینیمان گرژی لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا و رۆژئاوادا دروست بوو. ئێمە لە نزیکەوە چاودێری دۆخەکە دەکەین و بە دڵنیاییشەوە چاودێری هەنگاوەکانی سەرکردایەتی هەرێمی کوردستانمان کردووە کە ناویانە بۆ هاریکاریکردن و چارەسەرکردنی کێشەکان و کەمکردنەوەی گرژییەکان. ئێمەش ئەمە بە ئەرێنی و کاریگەر دەبینین. ئێمە دەزانین کە سەرۆک بارزانی و نێچیرڤان بارزانی ئامۆژگاری بەسوودیان بە هەردوولا داوە، دیمەشق و هەسەدە و لێرەش میوانداری شاندەکان دەکەن بۆ گفتوگۆکردن و بەو هیوایەین ئەم گفتوگۆیانەشیان بەرهەمی هەبێت.
کوردستان24: عێراق لە سەروبەندی پێکهێنانی حکوومەتی نوێ دایە، کێشە و ئاڵنگاری زۆر هەیە، تێڕوانینی رووسیا لەو بارەوە چییە ؟
مەکسیم رۆبن: دووبارە جەخت دەکەمەوە لەسەر ئەوەی ئێمە لە نزیکەوە چاودێری رووداوەکانی عێراق دەکەین، پێکهێنانی حکوومەتی هەرێم و پێکهێنانی حکوومەتی فیدراڵی لە بەغدا، بەڵام ئێمە هیچ دەستوەردانێک لەو بابەتەدا ناکەین و هیوادارین هەر دوو حکوومەت لە ماوەیەکی کەمدا پێکبهێنرێن کە لە بەرژەوەندی عێراق و خەڵکەکەسدا دەبێت ."
کوردستان24: چ کارئاسانییەک بۆ خەڵکی هەرێمی کوردستان بۆ وەرگرتنی ڤیزا دەکەن ؟
مەکسیم رۆبن: ئێمە چەند رێکارێکمان هەیە بۆ پێدانی ڤیزا بە هاووڵاتی بیانی وەک هاووڵاتییانی عێراقی. مەرجی یەکەم هەبوونی بانگهێشتنامەیە لە رووسیاوە بۆ ڤیزای کەسی و بازرگانی. هەروەها بانگهێشتنامەی گەشتیاریمان هەیە بۆ ئەوانەی دەیانەوەیت وەک گەشتیار سەردانی رووسیا بکەن. هەموو کەسێک مافی ئەوەی هەیە داوای ڤیزا بکات بە بێ ئەوەی پێویستی بە نێوەندگیر هەبێت.
کوردستان24: واتە هاوکار دەبن و کارئاسانی دەکەن ؟
مەکسیم رۆبن: بەدڵنیاییەوە، ئەگەر دۆکیۆمێنت و فۆرمی پێشکەشکردنی ڤیزاکەی بێ کەم و کوڕی بێت هەرگیز رەتی ناکەینەوە ڤیزای پێ بدەین.
کوردستان24: باسی لە کردنەوەی گەشتی راستەوخۆ لە نێوان مۆسکۆ و هەولێر یان عێراق دەکرێت، ئەوا چۆنە ؟
مەکسیم رۆبن: ئێمە بیر لەم بابەتە دەکەینەوە بەڵام دەبێت راشکاو بم ئێستا هەنگاوی کرداری نانێین، بەڵام بیر لەوە دەکەینەوە کە ئاخۆ چۆن ئاسانکاری بکەین بۆ ئاڵوگۆڕ لە نێوان هەرێمی کوردستان و رووسیادا و هەبوونی گەشتی ئاسمانیی راستەوخۆ سوودی زۆری دەبێت.
کوردستان24: چ پەیامێکت هەیە لە رێگە کوردستان24ەوە بگەینیە گەلی کورد ؟
مەکسیم رۆبن: رووسیا هاوڕێی کوردانە و هەمیشەش وا دەبێت. لە رووسیا هەمیشە تێگەیشتنمان هەبووە بۆ دۆزی کوردان کە دەیانەوێت بە ئازادانە لە خاکی خۆیاندا بژین و خاوەن ئاسایش بن. ئێمەش بە پەرۆشین بۆ دروستکردنی پەیوەندی دوو لایەنە و پەیوەندییەکی کەم وێنەمان لەگەڵ خەڵکی کوردستاندا و مەبەستم لە پەیوەندی هەست و سۆزە کە نەکەوتووەتە ژێر کاریگەری هیچ ئەجێندایەکی ئابووری و سیاسییەوە.