ئاژانسی فرانس پرێس: ئەمریکا نێوەندگیری لە نێوان درووزەکان و دیمەشق دەکات

ئاژانسی فرانس پرێسی ڕاگەیاندووە، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا سەرپەرشتیی دانوستانەکانی نێوان سەرکردەیەکی دیاری درووزەکان و حکوومەتی سووریا دەکات بە مەبەستی ئاڵوگۆڕی دیلەکان کە لە دوای پێکدادانە تایفییەکانی ساڵی ڕابردووەوە دەستبەسەر کراون.

سێشەممە 24ی شوباتی 2026، سەرچاوەیەکی ئاگادار بە ئاژانسی فرانس پرێسی ڕاگەیاندووە دانوستانەکان لە نێوان شێخ حیکمەت هیجری، ڕێبەری ڕۆحی درووزەکان لە سووریا و حکوومەتی دیمەشق بەڕێوە دەچن و ئامانجیان ئازادکردنی 61 هاووڵاتیی مەدەنیی خەڵکی سوێدایە کە لەلایەن دەسەڵاتدارانی سووریاوە دەستبەسەر کراون، لە بەرانبەر ئازادکردنی 30 ئەندامی هێزەکانی وەزارەتی ناوخۆ و بەرگریی سووریا کە لەلایەن گرووپی چەکداریی پاسەوانی نیشتمانی سەر بە شێخ حیکمەتەوە دەستبەسەر کراون.

پێکدادانەکان لە مانگی تەمموزی ساڵی ڕابردوو لە پارێزگای سوێدا لە باشووری سووریا لە نێوان چەکدارانی درووز و هۆزە عەرەبەکان بەدەوی سەریهەڵدا و بەپێی ئامارەکانی ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ، زیاتر لە 2000 کەس تێیدا کوژراون، لەنێویاندا 789 هاووڵاتیی مەدەنیی درووز هەن کە بە گوتەی ڕوانگەکە لەلایەن هێزەکانی حکوومەتەوە گوللەباران کراون.

هەرچەندە ئاگربەستێک ڕاگەیەندراوە، بەڵام دۆخی ناوچەکە هێشتا ئاڵۆزە و دانیشتووانی سوێدا حکوومەت بە سەپاندنی گەمارۆ تۆمەتبار دەکەن، لە کاتێکدا دیمەشق ئەمە ڕەت دەکاتەوە. شێخ حیکمەت هیجری کە بە نەیارێکی سەرسەختی حکوومەتی سووریا دادەنرێت، داوای دروستکردنی هەرێمێکی سەربەخۆ بۆ پێکهاتەی درووز دەکات و دەسەڵاتێکی دیفاکتۆی لە ناوچەکە دروست کردووە.

هەروەها لە کاتی پێکدادانەکاندا، ئیسرائیل بۆردوومانی بارەگاکانی سوپای سووریای کرد و ڕایگەیاند کە ئامانجی پاراستنی کەمینەی درووزەکانە.