ترەمپ: لە هەر شوێنێک بتوانم ئاشتی بەرقەرار دەکەم
ترەمپ: هەرگیز لە بەرەنگاربوونەوەی هەڕەشەکانی سەر ئەمریکا سڵ ناکەمەوە
دۆناڵد ترەمپ لە بەردەم کۆنگرێسی وڵاتەکەی رایگەیاند، لە هەڵوێستی دیپلۆماسی بۆ چارەسەری کێشەکان لەگەڵ ئێران بەردەوام دەبێت و گوتیشی "هەرگیز رێگە بە ئێران نادەم چەکی ئەتۆمی بەدەستبهێنێت".
بەرە بەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە 25ی شوباتی 2026، دۆناڵد ترەمپ لەبەردەم کۆنگرێس یەکەم گوتاری ساڵانەی خولی دووەمی سەرۆکایەتی پێشکەش کرد و پەیامێکی توندی ئاراستەی تاران کرد و گوتی: "باشترە کێشەکان لە رێگەی دیپلۆماسییەوە چارەسەر بکرێن، بەڵام خاڵێک روونە؛ هەرگیز رێگە نادەم گەورەترین پاڵپشتیکاری تیرۆر لە جیهاندا، ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی، ئەمەش رەنگە ئەو پەیامەبێت کە تا ئێستا ئێرانییەکان نەیانبیستووە."
گوتیشی "ئێران هەوڵی پەرەپێدانی توانا مووشەکییەکانی دەدات، بە مەرامی ئەوەی مووشەکەکانی بگەنە ئەمریکا، بەڵام من ئامانجمە، ئەم کێشەیە لە رێگەی دیپلۆماسییەوە چارەسەر بکەم".
هەروەها جەختیکردەوە و گوتی "وەک سەرۆک، لە هەر شوێنێک بتوانم ئاشتی بەرقەرار دەکەم، بەڵام هەرگیز سڵ ناکەمەوە لە بەرەنگاربوونەوەی هەڕەشەکان بۆ سەر ئەمریکا." بۆ ئەمەش ئاماژەی بە هێرشە ئاسمانییەکانی هاوینی رابردوو سەر ناوەندە ئەتۆمییەکانی ئێران، ئۆپەراسیۆنی رفاندنی مادۆرۆ لە ڤەنزوێلا کرد.
هەر لە گوتارەکەیدا، سەرۆکی ئەمریکا ستایشی زنجیرەیەک دەستکەوتی ئیدارەکەی کرد لە سیاسەتی دەرەوەدا و ئاماژەیدا، لە 11 مانگی رابردووی سەرۆکایەتی، کۆتایی بە هەشت جەنگ و شەڕ هێناوە، لەم بەشەی گوتارەکەیدا یەک بەدوای یەک باسیکردن و هەوڵ و میکانیزمەکانی روونیکردەوە، کە کام جەنگ یان ناکۆکی و ململانێی نێوان کام وڵاتانە کۆتایی پێهێناوە.

لە کۆنگرێس چی روویدا
بە گوێرەی راپۆرتێکی ئاژانسی ئەسیۆشێتد پرێس، گوتارەکەی بەرە بەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە 25ی شوباتی 2026، کە ترەمپ لەبەردەم کۆنگرێسی وڵاتەکەی پێشکەشی کرد، 108 خولەکی خایاند، گوتاری ئەمجارەی هەشت خولەک لە گوتارەکەی پێشووی درێژتر بوو.
ئەسیۆشێیتد پرێس نووسیویەتی؛ سەرۆکی ئەمریکا بەشێوەیەکی گشتی خۆی لە قسە باوەکان دەپاراست و تەنیا چەند جارێک نەبێت لە دەقەکەی دەرچوو، ئەویش زۆربەی بۆ هێرشکردنە سەر دیموکراتەکان بوو.
هەر وەک نەریتی خولی یەکەمی سەرۆکایەتییەکەی، بۆ گەیاندنی پەیامەکەی پشتی بە کۆمەڵێک میوانی تایبەت بەست. لە نێوانیاندا پاڵەوانانی سەربازیی ئەمریکا و زیندانییەکی سیاسیی پێشوو هەبوون، کە دوای رووخاندنی دەسەڵاتی نیکۆلاس مادۆرۆ، سەرۆکی ڤەنزوێلا لەلایەن هێزەکانی ئەمریکاوە، ئازاد کرابوو.

یەکێک لە ساتە پڕجۆشەکانی نێو هۆڵەکە کاتێک بوو کە ترەمپ تیمی هۆکی پیاوانی ئەمریکای (کە براوەی میدالیای ئاڵتوونیی ئۆڵۆمپیادن) بانگهێشت کرد و گوتی: "وڵاتەکەمان دووبارە دەیباتەوە. لە راستیدا ئێمە ئەوەندە سەرکەوتووین کە نازانین چی بکەین". دواتر ترەمپ رایگەیاند کە 'میدالیای ئازادیی سەرۆکایەتی'، کە بەرزترین خەڵاتی مەدەنییە لە ئەمریکا، دەبەخشێتە گۆڵپارێزی تیمەکە (کۆنر هێلێبویک). هەروەها میدالیای 'دڵی مۆر - Purple Heart'ی بەخشییە ئەندرۆ وۆڵف، ئەندامی پاسەوانی نیشتمانی کە شەقامێکی واشنتنی پایتەخت تەقەی لێکرابوو.
ناکۆکییەکان لەسەر باجی گومرگی و بڕیاری دادگای باڵا
لە بەشێکی دیکەی گوتارەکەیدا، ترەمپ بەرگریی لە سیاسەتە توندەکانی دژی کۆچبەران و پاراستنی باجە گومرگییەکان کرد، سەرەڕای ئەوەی دادگای باڵای ئەمریکا تازە بڕیاری هەڵوەشاندنەوەیانی دابوو. کاتێک ترەمپ بڕیارەکەی دادگای بە "بڕیارێکی بەدبەختانە" وەسف کرد، تەنیا دیموکراتەکان چەپڵەیان بۆ لێدا.
ترەمپ بەڵێنیدا کە لە رێگەی یاسا جێگرەوەکانەوە باجەکان بەسەر هاوردە دا بسەپێنێت و گوتی: "پێویستمان بە هەنگاوی کۆنگرێس نابێت". سەرەڕای ئامادەبوونی چوار لە دادوەرەکانی دادگای باڵا، لەوانە ئێیمی کۆنی بارێت کە ترەمپ خۆی لە خولی یەکەمدا داینابوو و پێشتر رەخنەی توندی لێگرتبوو بەهۆی دەنگدانی دژی باجەکان، ترەمپ پێش گوتارەکە بە تایبەت پێشوازیی لێکرد.
گرژییەکانی نێو هۆڵی کۆنگرێس و دەرکردنی ئەندامێکی کۆنگرێس
کاتێک ترەمپ بەڵێنی دا رێگری لە بازرگانیی ناوخۆیی بە زانیارییە نهێنییەکان بکات و ئاماژەی بە ئەندامانی کۆنگرێسەوە کرد، چەند کۆنگرێسمانێکی دیموکراتەکان گوتارەکەیان بە ترەمپ بڕی و مارک تاکانۆ بە دەنگێکی بەرز وەڵامی ترەمپ دایەوە و پێی گوت "لە خۆتەوە دەست پێبکە"؛ هەروەها رەشیدە تڵەیب پێی گوت "تۆ گەندەڵترین سەرۆکیت". ترەمپ لە وەڵامدا گوتی "دەبێت شەرم لە خۆتان بکەنەوە" و دواتریش ئاماژەی بە دیموکراتەکان کرد و گوتی "ئەم خەڵکە شێتن".
لە سەرەتای گوتارەکەشدا، ئال گرین ئەندامی کۆنگرێس لە باڵی دیموکراتەکان لە هۆڵەکە دەرکرا، دوای ئەوەی پۆستەرێکی ناڕەزایەتی بەرزکردەوە کە لەسەری نووسرابوو "ڕەشپێستەکان مەیموون نین"، ئەمەش ئاماژەیەک بوو بۆ ڤیدیۆیەک کە پێشتر ترەمپ بڵاوی کردبووەوە و تیایدا باراک ئۆباما و میشێل ئۆبامای بە مەیموون ناو بردبوو.
ئابووری، ژیریی دەستکرد و وەڵامی دیموکراتەکان
سەرەڕای ئەوەی راپرسییەکان دەریدەخەن کە گرانیی بژێویی بووەتە خاڵێکی لاواز بۆ ترەمپ، بەڵام لە گوتارەکەیدا کاتی زۆری بەم پرسە نەدا. لەبری ئەوە، جۆ بایدن و دیموکراتەکانی بە هۆکاری بەرزبوونەوەی نرخەکان و تێچووی چاودێری تەندروستی تۆمەتبار کرد.
ترەمپ رایگەیاند کە فشار دەخاتە سەر کۆمپانیاکانی زانستی ژیریی دەستکرد بۆ ئەوەی کرێی کارەبای زیاتر بدەن لەو ناوچانەی کە ناوەندی زانیارییەکانی کۆمپانیاکانی تێدایە، چونکە بڕێکی زۆری کارەبا بەکار دەهێنن.
لە وەڵامی گوتارەکەی ترەمپدا، ئابیگێڵ سپانبێرجەر، حاکمی ویلایەتی ڤێرجینیا لە باڵی دیموکراتەکان رەخنەی توندی لە سیاسەتی کۆچبەری و باجەکانی ترەمپ گرت و گوتی: "سەرەڕای ئەوەی دادگای باڵا ئەم باجانەی هەڵوەشاندەوە، بەڵام زیانەکە بەر خەڵکی ئەمریکا کەوتووە، کەچی سەرۆک پلانی بۆ باجی نوێ هەیە کە دەبێتە هۆی زیادبوونی باجی زیاتر لەسەر خێزانەکان."