راپرسییەکان: 55%ـی ئەمریکییەکان لە ئاراستەی سیاسەتی ترەمپ نیگەرانن
بەپێی راپرسییە نوێیەکانی هەر یەکە لە ئاژانسەکانی رۆیتەرز، ئیپسۆس، ئەی بی سی، فۆکس نیوز و چەند دامەزراوەیەکی دیکەی ناوخۆیی، ئاستی نیگەرانی هاووڵاتییان بەرانبەر سیاسەتەکانی 47ـەمین سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ هەڵکشاوە.
لە ئاستی ناوخۆدا بەپێی ئەنجامی راپرسییەکان، رێژەی رەزامەندی بەشداربووان لەسەر کارایی ترەمپ 40% بووە و بەراورد بە ساڵی رابردوو دابەزیوە، لە بەرانبەردا رێژەی نیگەرانی گەیشتووەتە 60%.
هاوکات 55%ـی بەشداربووان پێیان وایە ئەمریکا لەژێر سەرۆکایەتی ترەمپدا بە ئاراستەیەکی هەڵەدا دەڕوات. لەڕووی ئابوورییەوە 41%ـی بەشداربووان پشتیوانی لە کارەکانی دەکەن و 57% دژی دەوەستنەوە.
لەسەر ئاستی دەرەکی، بەتایبەت لە پرسی هێرشکردنە سەر ئێران، تەنیا 21%ـی بەشداربووانی راپرسییەکی دیکە پشتیوانی لێ دەکەن و زۆربەی ئەمانەش لە کۆمارییەکانن بە رێژەی 40%، لە کاتێکدا 49% دژی وەستاونەتەوە.
سەبارەت بە سەپاندنی پێناسی گومرگی بەسەر کەنەدا، 49%ـی بەشداربووان دەڵێن ئەم بڕیارە بۆ ئەمریکا خراپ بووە و تەنیا 33% بە بڕیارێكی باشی دەزانن.
سەبارەت بە هێرشی ئەمریکا بۆ سەر ڤەنزوێلا و دەستگیرکردنی سەرۆکی ئەو وڵاتە، 33% پشتیوانییان لەو هێرشە کردووە و 72% مەترسییان لە تێوەگلانێکی قووڵ لەو وڵاتە هەبووە.
بۆ پرسی لکاندنی دوورگەی گرینلاند بە ئەمریکا، تەنیا 17%ـی بەشداربووانی راپرسییەکان پشتیوانی لەو هەوڵە دەکەن و 47% دژی دەوەستنەوە.
دۆناڵد ترەمپ دوای سەرکەوتنی لە هەڵبژاردنی نۆڤێمبەری 2024 و دەستبەکاربوونی وەک 47ـەمین سەرۆکی ئەمریکا لە سەرەتای ساڵی 2025، بەڵێنی گۆڕانکاری ریشەیی لە سیاسەتی دەرەوە و ئابووری دابوو.