قایمقامی شنگال: بەغدا خزمەتی خێزانەکانی داعش دەکات و ئاوارەکان پشتگوێ دەخات

قایمقامی شنگال بە وەکالەت، رایدەگەیەنێت پرۆسەی گۆڕینی دیمۆگرافی لە شنگال بەردەوامە، حکوومەتی عێراقیش مامەڵەیەکی دووفاقانە لەگەڵ ئاوارەکانی شنگال دەکات، لە کاتێکدا خێزانەکانی داعش بە رێزەوە دەگەڕێنێتەوە بۆ عێراق و خزمەتگوزارییان پێشکەش دەکات، ئاوارەکانی شنگال ناچار دەکات بگەڕێنەوە سەر خاپووربووی ماڵەکانیان بەبێ هیچ قەرەبوویەک.

ئەمڕۆ چوارشەممە، 25ـی شوباتی 2026، نایف سەیدۆ، قایمقامی شنگال بە وەكالەت، میوانی گەشتی هەواڵەکانی کاتژمێر 09:00ـی بەیانیی کوردستان24 بوو کە لە لایەن هەکار نهێلییەوە پێشکەش کرا و  تیشکی خستە سەر دوایین پێشهاتەکانی دۆخی شنگال و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان.

دەستبەسەرداگرتنی زەویوزار و گۆڕینی دیمۆگرافی

نایف سەیدۆ ئاماژەی بەوە دا، کێشەی زەویوزار و موڵکایەتی لە شنگال هێشتا وەک خۆی ماوەتەوە. گوتیشی دوای رووخانی رژێمی بەعس لە 2003 بڕیار بوو لیژنەیەک کێشەی موڵکایەتیی کوردان چارەسەر بکات، بەڵام دواتر دەستەی حەشدی شەعبی دەستی بەسەر ئەو دۆسیەیەدا گرت. تا ئێستاش نزیکەی 30 هەزار دۆنم زەویی عەشیرەتی "قیرانی" لە ناوچەکانی گرعزێر و "سیبا شێخ خدر" یەکلاینەکراونەتەوە و عەرەبەکان دەستیان بەسەردا گرتووە.

هەروەها ئاماژەی بەوەش کرد، نزیکەی 600 دۆنم زەویی کشتوکاڵیی کوردان دابەشکراوە بەسەر عەرەبەکاندا و خاوەنە رەسەنەکانیان بۆ ناوچەکانی باعەدرێ و دهۆک و زاخۆ دەرکراون.

دۆخی دوای 16ی ئۆکتۆبەر 

سەبارەت بە دۆخی دوای 16ی ئۆکتۆبەری 2017، قایمەقامی شنگال رایگەیاند، هێزەکانی حەشدی شەعبی و سوپای عێراق کۆنترۆڵی ناوچەکەیان کردووە و هێزی پێشمەرگە لە ناوچەکانی "شەرەفەدین و دهۆلا و بۆرک" جێگیرن. 

سەیدۆ جەختی لەوە کردەوە، ئێستا لە ناوەندی شنگالدا هەوڵێکی زۆر هەیە بۆ بڵاوکردنەوەی مەزهەبی شیعە و کڕینی زەویوزار لەلایەن ئەو هێزانەوە، هەرچەندە خەڵکی رەسەنی ناوچەکە تا ئاستێکی زۆر رووبەڕووی ئەم هەوڵانە بوونەتەوە.

سیاسەتی دووفاقیی بەغدا بەرانبەر ئاوارەکان و خێزانەکانی داعش

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا قایمەقامی شنگال رەخنەی توندی لە وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق و حکوومەتی بەغدا گرت سەبارەت بە پرسی گەڕانەوەی زیاتر لە 100 هەزار ئاوارەی شنگال لە ناو کەمپەکانی هەرێمی کوردستاندان.

نایف سەیدۆ روونیکردەوە، نەگەڕانەوەی ئاوارەکان تەنیا پەیوەندیی بە ترس لە گۆڕینی دیمۆگرافییەوە نییە، بەڵکوو پەیوەندیی بەوەوە هەیە گوند و ماڵەکانیان بە تەواوی وێران بوون. حکوومەتی عێراق هیچ قەرەبوویەکی ئەو خەڵکەی نەکردووەتەوە و دەیەوێت ئاوارەکان کەمپەکان جێبهێڵن و بگەڕێنەوە ناو وێرانەی ماڵەکانیان و لەوێشدا دیسان لە ژێر خێمەدا بژین، ئەمەش شکاندنی کەرامەتی ئەو خەڵکەیە.

قایمەقامی شنگال گوتی، حکوومەتی عێراق زیاتر لە 5 هەزار کەس لە خێزانەکانی داعشی لە کەمپی هۆڵی سووریاوە هێناوەتەوە بۆ کەمپی جەدعە لە باشووری مووسڵ. ئەوانەیان بردووەتە ناو هۆڵی گەورە و ئامێری فێنککەرەوە و پاسەوانی و پاراستنیان بۆ دابین کردوون و بە عیززەت و کەرامەتەوە دەیانهێڵنەوە. بەڵام قوربانییەکانی دەستی داعش ئاوارەکانی شنگالن پشتگوێ خراون و هیچ خزمەتگوزارییەکیان بۆ دابین ناکرێت بۆ ئەوەی بگەڕێنەوە زێدی خۆیان، ئەمەش جێگەی پرسیارە ئایا ئەمە بە فشاری نێودەوڵەتییە یان سیاسەتێکی مەبەستداری خودی حکوومەتی عێراقە.

لە کۆتاییدا نایف سەیدۆ سوپاسی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی کرد لە ساڵانی حەفتاکانەوە تا ئەمڕۆ بەردەوام دەرگای کراوە بووە بۆ پێشوازیکردن لە خەڵکی شنگال لە کاتی دەربەدەربوونیاندا.

دۆخی شنگال و رێککەوتنی هەولێر و بەغدا

لە ئۆکتۆبەری 2020 حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵیی عێراق رێککەوتنێکیان بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخی شنگال واژۆ کرد. ئامانجی سەرەکیی رێککەوتنەکە دەرکردنی هێزە چەکدارە نایاساییەکان و گەڕاندنەوەی ئاوارەکان و ئاوەدانکردنەوەی قەزاکە بوو، بەڵام تا ئێستا بڕگە سەرەکییەکانی ئەم رێککەوتنە جێبەجێ نەکراون و هێزە چەکدارەکان لە ناوچەکەدا ماونەتەوە.

 لە لایەکی دیکەوە وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق چەندین جار وادەی بۆ داخستنی کەمپەکانی هەرێمی کوردستان دیاری کردووە و دوایینیان مانگی تەممووزی 2024 بوو، بەڵام بەهۆی نەبوونی خزمەتگوزاری و خاپووربوونی خانوو و ماڵی هاووڵاتییان لە شنگال، زۆربەی ئاوارەکان ئامادە نین بگەڕێنەوە و مانەوە لە کەمپەکان هەڵدەبژێرن. 

هەروەها بەرپرسانی هەرێمی کوردستان بەردەوام جەخت لەوە دەکەنەوە گەڕانەوەی ئاوارەکان دەبێت ئارەزوومەندانە بێت و پێویستە ژینگەیەکی سەلامەت و گونجاو لە زێدی خۆیان بۆیان دابین بکرێت.