شێوازی تەندروستی ژیان و دابەزاندنی کێش لە رەمەزاندا
مانگی رەمەزان تەنیا مانگێک نییە بۆ رۆژووگرتن، بەڵکو لە رووی تەندروستییەوە بە دەرفەتێکی زێڕین دادەنرێت بۆ ئەو کەسانەی دەیانەوێت کێشیان دابەزێنن و ژیانێکی تەندروستتر هەڵبژێرن.
پزیشکان و شارەزایانی بواری وەرزش رێنمایی دەدەن بە رێکخستنی سیستەمی خۆراک و بەردەوامبوون لە وەرزشکردن، دەتوانرێت سوودێکی یەکجار زۆر لەم مانگە وەربگیرێت.
هۆکاری سەرەکی بۆ دابەزینی کێش لە مانگی رەمەزاندا دەگەڕێتەوە بۆ کەمبوونەوەی بڕی خواردن لە رۆژدا. ئەمەش وادەکات رێژەی شەکر لە خوێندا دابەزێت، لە ئەنجامدا جەستە ناچار دەبێت بۆ دەستکەوتنی وزە، ئەو چەورییانەی لە لەشدا کەڵەکە بوون بە خێرایی بسووتێنێت.
سەروەر سەلیم، گەنجێکی تەمەن 20 ساڵ کە بەردەوامە لە چوونە هۆڵەکانی وەرزش، لە لێدوانێکدا بۆ کوردستان 24 ئاماژەی بەوە دا، لەلایەن پزیشکەوە رێنمایی کراوە 5 بۆ 10 کیلۆگرام لە کێشی دابەزێنێت. ئەو گەنجە دەڵێت، "مانگی رەمەزانم بە دەرفەت زانی بۆ ئەم مەبەستە، چونکە هەم خواردن کەمتر دەخۆم و هەم رێجیمێکی باش دەکەم، بۆیە هاتوومەتە هۆڵی وەرزشی بۆ ئەوەی ئامانجەکەم بپێکم."
لە لایەکی دیکەوە، کارزان عومەر، راهێنەری وەرزشی، جەخت لەسەر جۆری خواردنی یاریزانان دەکاتەوە و دەڵێت، "پێویستە یاریزانان و ئەو کەسانەی وەرزش دەکەن رەچاوی کەمکردنەوەی رێژەی کاربۆهیدرات بکەن، واتا چەوری و شیرینی زۆر نەخۆن، هەروەها رێژەی پرۆتین لە ژەمەکانیاندا بەرز بکەنەوە بۆ ئەوەی دڵیان تووشی گرفت نەبێت." ئەم راهێنەرە بۆ ئەو کەسانەی کێشیان زیادە، رێنمایی دەکات سوود لە راهێنانەکانی وەک (رۆیشتن، لێخوڕینی پاسکیل، زومبا، ئایرۆبیک، کرۆسفیت، بۆکسێن و تێنس) وەربگرن.
هەر لەم بارەیەوە، شاهرۆخ حوسێن، پزیشک، باس لەوە دەکات، کێشی لەش تەنیا ژمارەیەک نییە لەسەر تەرازوو، بەڵکو پەیوەستە بە تەندروستی و شێوازی ژیانەوە. ئەو پزیشکە روونی کردەوە، "راستە رەمەزان دەرفەتێکی باشە بۆ دابەزاندنی کێش، بەڵام ئەمە بۆ هەموو کەسێک وانییە، چونکە هەندێک کەس لە کاتی بەربانگ و پاشایڤدا زێدەڕۆیی لە خواردنی شیرینی دەکەن، ئەمەش نەک کێشیان دانابەزێنێت، بەڵکو دەبێتە هۆی زیادبوونی کێشیان."
دکتۆر شاهرۆخ تەندروستی مرۆڤ لە سێ خاڵی سەرەکیدا کورت دەکاتەوە و دەڵێت، بریتین لە "خواردنی تەندروست، جووڵە و وەرزشکردن، لەگەڵ رێکخستنی کات (واتا خەو و پشوو)." جەختیش دەکاتەوە، ئەگەر یەکێک لەمانە کەمکوڕی تێدابێت، کەسەکە بێگومان تووشی کێشەی زیادبوونی کێش و گرفتی تەندروستی دەبێت.
وەک زانیارییەکی پزیشکیی سەلمێنراو و پێشینەیەکی زانستیی نوێ، شارەزایانی تەندروستی لە جیهاندا ئاماژە بەوە دەدەن، باشترین کات بۆ وەرزشکردن لە مانگی رەمەزاندا کاتژمێرێک پێش بەربانگ یان دوو بۆ سێ کاتژمێر دوای ژەمی بەربانگە.
توێژینەوە پزیشکییەکان ئەوەیان خستووەتە روو، رۆژووگرتنی پچڕپچڕ (کە هاوشێوەی رۆژووی رەمەزانە) یارمەتیدەرێکی زۆر باشە بۆ باشترکردنی کرداری زیندەچالاکی (مێتابۆلیزم) و کەمکردنەوەی بەرگریی ئەنسۆلین لە جەستەدا، مەرجە رۆژووەوان بڕی پێویست ئاو بخواتەوە و خۆی لە خواردنەوە گازییەکان و کاربۆهیدراتی خێرا بپارێزێت.