عێراقچی بۆ گەڕی سێیەمی دانوستانەکان لەگەڵ ئەمەریکا بەرەو جنێڤ بەڕێکەوت

بەگوێرەی میدیا فەرمییەکانی ئێران، وەزیری دەرەوەی ئێران بەرەو جنێڤ بەڕێکەوت؛ ئامانج لەم سەردانە دەستپێکردنی گەڕی سێیەمی دانوستانەکانە لەگەڵ واشنتن بۆ رێککەوتن لەسەر دۆسیەی ئەتۆمی، لە کاتێکدا ترەمپ هەڕەشەی رێگری لە خەونە ئەتۆمییەکانی تاران دەکات.

میدیا فەرمییەکانی ئێران بڵاویان کردەوە، ئەمڕۆ چوارشەممە عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران و شاندی دانوستانکاری یاوەری، بە مەبەستی ئەنجامدانی گەڕی سێیەمی گفتوگۆکان لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، تارانیان بەرەو جنێڤ جێهێشت.

پێشتر واشنتن و تاران بە نێوەندگیریی عومان دوو گەڕی گفتوگۆیان ئەنجامداوە، بە ئامانجی گەیشتن بە رێککەوتنێک لەسەر بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران.

ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بەردەوام داوای راگرتنی تەواوەتی پیتاندنی یۆرانیۆم لەلایەن ئێرانەوە دەکات، هاوکات هەوڵ دەدات سنوورێک بۆ بەرنامەی مووشەکە بالیستییەکان و پاڵپشتییەکانی تاران بۆ گرووپە چەکدارەکانی ناوچەکە دابنێت؛ داواکاریگەلێک کە ئێران رەتی کردوونەتەوە.

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، لە گوتاری ساڵانەی لە کۆنگرێس، جارێکی دیکە دووپاتی کردەوە کە هەرگیز ڕێگە بە ئێران نادرێت ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی و رایگەیاند کە سەرکردەکانی تاران ئێستا دووبارە بەدوای ئامانجە ئەتۆمییە مەترسیدارەکانیانەوەن.

لە بەرانبەردا، ئێران بەردەوام رەتی دەکاتەوە کە هەوڵی بەدەستهێنانی بۆمبی ئەتۆمی بدات و جەخت لەوە دەکاتەوە کە مافی خۆیەتی تەکنۆلۆژیای ئەتۆمی بۆ مەبەستی ئاشتیانە بەکاربهێنێت.

ئەم گەڕەی گفتوگۆکان لە کاتێکدایە کە ترەمپ فشارەکانی بۆ سەر تاران چڕتر کردووەتەوە بۆ گەیشتن بە رێککەوتن و هێزێکی دەریایی بەرچاوی رەوانەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کردووە.

لای خۆشیەوە، ئێران لە چەند رۆژی ڕابردوودا وەک وەڵامێک چەندین مانۆڕی سەربازیی ئەنجامداوە، بەتایبەتی لە باشووری وڵاتەکە و نزیک لە گەرووی ستراتیژی هورمز لە کەنداوی عەرەبی.