ئیلهام ئەحمەد: پێویستە مافی سەرجەم پێکهاتەکانی سووریا پارێزراوبێت

ئیلهام ئەحمەد رایگەیاند، دەیان ساڵە لە سووریا مافی کورد زەوتکراوە، بە درێژایی مێژوو کورد خزمەت بە مرۆڤایەتیی دەکات، هەروەها بۆ بەدەستهێنانی ئازادی تێکۆشانی زۆری کردووە، شەڕی دژ بە داعشمان کرد و مرۆڤایەتیمان لە شەڕێکی گەورە رزگار کرد.

ئەمڕۆ چوارشەممە، 25ـی شوباتی 2026، ئیلهام ئەحمەد، هاوسەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر رایگەیاند: دەمانەوێت پێکهاتەکانی سووریا بە ئازادی بژین و پێویستە مافی سەرجەم پێکهاتەکانی سووریا پارێزراوبێت.

ئیلهام ئەحمەد ئاماژەی بەوە دا، دەیان ساڵە لە سووریا مافی کورد زەوتکراوە، بە درێژایی مێژوو کورد خزمەت بە مرۆڤایەتیی دەکات، هەروەها بۆ بەدەستهێنانی ئازادی تێکۆشانی زۆری کردووە، شەڕی دژ بە داعشمان کرد و مرۆڤایەتیمان لە شەڕێکی گەورە رزگار کرد.

هەروەها گوتی: لە بەرانبەر ئەو شەڕەی بەرانبەر تیرۆرستانی داعش کردوویەتی، کەمترین ماف جێگیرکردنی مافەکانی کوردە لە دەستووری سووریا دا، ئەو هەنگاوەی پێویستە بهاوژرێت تاوەکو ئێستا نەهاتووە.

باسی لەوەش کرد، پێویستە سیستەمێک هەبێت مافی ئافرەت بپارێزێت، ئەم رێککەوتنەی کراوە، لێکتێگەیشتن لە نێوان هێزە ئەمنییەکان کراوە، کێشە و بەربەست تاوەکو ئیستا ماون، بەڵام لەسەر چۆنیەتی چارەسەرکردنیان لە دانوستاندن بەردەوامین.

ئیلهام ئەحمەد، جەختی لەوە کردەوە، دەزگاکانی راگەیاندن نزیک لە حکوومەتی سووریا رۆڵێکی خراپ دەگەڕێن لە قوڵکردنەوەی کێشەکان و بڵاوکردنەوەی زمانی توند و تیژی.

ئەڤین ئینجیر، ئەندامی پەرلەمانی ئەوروپا رایگەیاند: پەرلەمانی ئەوروپا بە کۆی دەنگ پشتیوانی لە کوردانی رۆژئاوای کوردستان دەکات، چونکە کورد شەڕی وڵاتانی ئەوروپا و جیهانی کردووە گیانی خۆیان لەم پێناوە بەخت کردووە بۆیە پێوستە هەموو لایەک سوپاسگوزاری کوردبن.

دانیێڵ ئەتارد، ئەندامی پەرلەمانی یەکێتیی ئەوروپا، گوتی: زۆر سوپاستان دەکەین بۆ بەرگریکردن لە بەهاکانی یەکێتیی ئەوروپا لە وڵاتەکەتان، چونکە هەمووان هاوڕاین لەسەر ئەوەی سەقامگیری و ئاسایش لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا بۆ ئاسایشی و سەقامگیریی ئەوروپاش گرنگە. من ئەمە بە دەرفەتێک دەزانم بۆ ئەوەی سوپاس و پێزانینی خۆمتان بۆ دەربڕم، لەبەرانبەر ئەوەی کردووتانە بۆ پاراستنی دادپەروەری و کۆمەڵگەی خۆتان و ئەوروپاش."