بەڕاک: کۆمپانیاکانی ئەمەریکا بەشداریی لە بووژانەوەی ئابووریی سووریا دەکەن
نێردەی تایبەتی ئەمەریکا و وەزیری دەرەوەی سووریا؛ تێکەڵکردنەوەی هەسەدە بە دامەزراوەکانی دەوڵەتی سووریا و ئامادەکاری بۆ کردنەوەی باڵیۆزخانەی سووریا لە واشنتن تاوتوێ کرد، هاوکات ئەمەریکا چرای سەوزی بۆ کۆمپانیاکانی هەڵکرد بۆ وەبەرهێنان لە کەرتی نەوتی سووریا.
وەزارەتی دەرەوەی سووریا بڵاوی کردەوە، ئەمڕۆ چوارشەممە 25ـی شوباتی 2026، لە دیمەشق کۆبوونەوەیەکی درێژخایەن و بنیاتنەر لەنێوان ئەسعەد حەسەن شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سووریا و تۆماس بەڕاک، نێردەی تایبەتی ئەمەریکا بۆ سووریا بەڕێوەچوو، کە تێیدا کۆمەڵێک دۆسیەی ستراتیژیی نوێ بۆ قۆناغی داهاتووی نێوان هەردوو وڵات تاوتوێ کران.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوی وەزارەتی دەرەوە، هەر دوو لا جەختیان لە پابەندبوونی تەواو بە یەکپارچەیی خاک و سەروەریی سووریا کردووەتەوە. خاڵی هەرە گرنگی کۆبوونەوەکە خستنەڕووی هەنگاوە کردەییە ئەنجامدراوەکان بووە لە دۆسیەی تێکەڵکردنەوەی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) لەناو دامەزراوەکانی دەوڵەتی سووریادا.
لە بەشێکی دیکەی گفتوگۆکاندا، باس لە دەستپێکردنی کارەکانی لیژنەیەکی نێودەوڵەتی کراوە بە سەرکردایەتی سووریا، بۆ مسۆگەرکردنی شەفافییەت لە دۆسیەی لەناوبردنی چەکە کیمیاییەکان لەژێر چاودێریی تەواوی نیشتمانیدا.
سەبارەت بە دۆسیەی تیرۆر، هەردوولا باسیان لە گرنگیی پاڵپشتیکردنی سووریا کردووە لە بەرەنگاربوونەوەی ڕێکخراوی داعش و کاراکردنی ڕۆڵی دیمەشق وەک هاوبەشێکی سەرەکی لە ئاسایشی ناوچەکەدا.
لە ڕووی ئابوورییەوە، تۆماس بەڕاک، نێردەی ئەمەریکا جەختی کردووەتەوە، کۆمپانیا گەورەکانی ئەمەریکا گرنگی بە بەشداریکردن دەدەن لە بووژانەوەی ئابووریی سووریا، بەتایبەتی لە کەرتی نەوت و وزە، و کردنەوەی دەرگای وەبەرهێنان لەبەردەم شارەزایانی نێودەوڵەتی.
هەردوولا تاوتوێی ئامادەکارییە لۆجستی و سیاسییەکانیان کردووە بۆ کاراکردنەوەی باڵیۆزخانەی سووریا لە واشنتن، بە ئامانجی پاراستنی بەرژەوەندییەکانی هەردوو گەل و بەهێزکردنی کەناڵە فەرمییەکانی نێوان هەردوو وڵات.