جەی دی ڤانس بۆ کوردستان24: سەرۆک ترەمپ پەیوەندییەکی بە هێزی لەگەڵ کورد هەیە

جێگری سەرۆکی ئەمریکا، ستایشی گەلی کورد و پەیوەندییەکانی نێوان ئیدارەی ترەمپ و کورد دەکات و ڕایدەگەیەنێت، دۆناڵد ترەمپ کوردی خۆشدەوێت و پەیوەندییەکی دۆستانەی بەهێزمان لەگەڵیان هەیە.

پێنجشەممە 26ی شوباتی 2026 لە وەڵامی پرسیارێکی ڕەحیم ڕەشیدی (مستەر کورد)، بەڕێوەبەری نووسینگەی کوردستان24 لە واشنتن، سەبارەت بە داهاتووی پەیوەندییە ستراتیژییەکانی نێوان هەولێر و واشنتن، جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ڕایگەیاند: "دۆناڵد ترەمپ کوردی خۆشدەوێت و هەموو ئیدارەی ترەمپ دۆستایەتی و پەیوەندییەکی زۆر باشیان لەگەڵ کورد لە هەموو جیهان هەیە."

جەی دی ڤانس سەرنجی خستە سەر دیدگای ئیدارەی داهاتووی ترەمپ بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و گوتی: "ئامانجمان ئەوەیە کە کورد، عەرەب، جوو و مەسیحییەکان بتوانن لە ئاشتی و تەبایی و خۆشگوزەرانیدا پێکەوە بژین." جەختیشی کردەوە کە ئەمە تەوەری سەرەکی سیاسەتی دەرەوەیان دەبێت لە سووریا و تەواوی ناوچەکەدا.