کازمی: هێزەکانمان بۆ هەر جۆرە مەترسییەک ئامادەن

"کۆتایی بە موزادە كردن لەسەر حسابی گەلی عێراق بهێندرێت"

مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق
مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق

K24 - ھەولێر

مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی عێراق لە کۆبوونەوەیدا لەگەڵ ژمارەیەک وەزیری کابینەکەی و مامۆستایانی زانکۆ رایگەیاند ئێستا وڵاتانی دراوسێ هەوڵدەدەن پاڵپشتی عێراق بکەن، بۆ ئەوەی دووبارە گەشە بکاتەوە.

گوتیشی "بۆ هەموو لایەک روونبووەتەوە کە عێراق بۆ راگرتنی هاوسەنگی هەرێمی و نێودەوڵەتی وڵاتێکی گرنگە".

کازمی ئاماژەی بەوەشدا، دوای دەستبەرکاربوونی کابینەکەی "متمانەی هاووڵاتییان بە هێزە ئەمنییەکان زیادیکردووە و ئێستاش هێزە ئەمنییەکان بۆ پاراستنی گەلی عێراق لە هەر جۆرە مەترسییەک ئامادەن".

لەبارەی پڕۆژەیاسای بودجەشەوە، مستەفا کازمی، داوای کرد "کۆتایی بە موزادە كردن لەسەر حسابی گەلی عێراق بهێندرێت و پڕۆژەیاسای بودجە و وەرەقەی سپی تەنیا چاکسازی نین بۆ موجامەلەکردنی یەکتری، ئەمە دوا هەلە بۆ دووبارە بوژانەوەی عێراق".

سەرۆک وەزیرانی عێراق راشیگەیاندووە: "لە ساڵی 2021دا راستی گەورە سەبارەت بە گەندەڵی ئاشکرا دەکەین، کە کاریگەری لەسەر ئابووری و گەشەپێدان دەبێت".