دوای دوو مانگ هەناردەی گازی ئێران بۆ عێراق دەستیپێکردەوە
وەزارەتی کارەبای عێراق دەستپێکردنەوەی هاوردەکردنی گازی ئێرانی بۆ وێستگەکانی کارەبا بە بڕی حەوت ملیۆن مەتر سێجا لە رۆژێکدا پشتڕاستکردەوە. ئەمەش دوای ئەوە دێت کە زیاتر لە دوو مانگە هاوردەکردنی گازی ئێران بۆ عێراق وەستاوە و کاریگەریی زۆری لەسەر بەرهەمهێنانی کارەبا هەبووە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 26ـی شوباتی 2026، ئەحمەد موسا، گوتەبێژی وەزارەتی کارەبا لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا گوتی: تۆڕی کارەبای نیشتمانی لە پێدانی کاتژمێرەکانی کارەبادا جێگیربووە.
ئاماژەی بەوەشکرد، دەستپێکردنەوەی هاوردەکردنی گازی ئێران، هۆکاربووە لە کارپێکردنەوەی وێستگەی کارەبای بەسمایە و وێستگەی مەنسووریە لە پارێزگای دیالە.
گوتەبێژی وەزارەتی کارەبا دەشڵێت، پلانەکانی وەزارەت بەپێی خشتەی دیاریکراو بەردەوامن، لەوانەش کاری چاککردنەوە، نۆژەنکردنەوە، و فراوانکردنی وێستگەکانی کارەبا، بە ئامانجی گەیشتن بە ئامادەیی تەواو پێش هاتنی وەرزی هاوین.
راشیگەیاند، وەزارەتی کارەبا کاردەکات بۆ بەرزکردنەوەی هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی نەوت بۆ بەڕێوەبردنی بەکارهێنانی گازی ناوخۆ و سووتەمەنی ناوخۆیی بۆ دڵنیابوون لە کارپێکردنی بەردەوامی وێستگەکانی کارەبا بەبێ پچڕان.
لە 23ـی کانوونی یەکەمی 2025، وەزارەتی کارەبای عێراق رایگەیاند، بەهۆی دۆخێکی لەناکاوەوە هەناردەکردنی گازی ئێرانی بۆ وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا بەتەواوی وەستاوە.
ئاماژەی بەوەشدابوو، ئەم بڕیارە بووەتە هۆی لەدەستدانی 4000 بۆ 4500 مێگاوات لە توانای بەرهەمهێنانی وزە، ئەمەش کاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر کاتژمێرەکانی پێدانی کارەبا بە هاووڵاتییان دروست کردووە.
ئەحمەد مووسا، گوتەبێژی وەزارەتی کارەبا گوتبووی: لایەنی ئێرانی لە رێگەی بروسکەیەکی فەرمییەوە وەزارەتەکەیانی ئاگادار کردووەتەوە کە بەهۆی دۆخێکی کتوپڕەوە هەناردەکردنی گاز بەتەواوی ڕادەگرن.