هاوکاریی هاوپەیمانان لە رێگەی "هەژماری من"ـەوە دابەش کرا
هاوکاریی هاوپەیمانان بۆ مانگی شوبات (2) لە رێگەی "هەژماری من"ـەوە دابەش کرا.
سەرچاوەیەک لە وەزارەتی پێشمەرگەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە هۆشمەند سادق، پەیامنێری کوردستان24ـی راگەیاند، ئەمڕۆ پێنجشەممە، 26ـی شوباتی 2026، لە رێگەی پڕۆژەی "هەژماری من"ـەوە هاوکاریی هاوپەیمانان بۆ مانگی شوبات (2) بەسەر هێزەکانی پێشمەرگەدا دابەش کرا.
لە چوارچێوەی پرۆسەی چاکسازی و یەکخستنەوەی هێزەکان لە وەزارەتی پێشمەرگە، ئەمریکا و هێزەکانی هاوپەیمانان مانگانە بڕێک پارە وەک پاڵپشتیی دارایی دەدەنە هێزەکانی پێشمەرگە. حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە چەند مانگی رابردوودا بڕیاری دا مووچە و هاوکاریی دارایی سەرجەم هێزە ئەمنییەکان بخرێتە ناو سیستەمی پرۆژەی "هەژماری من"ـەوە.
پڕۆژەی "هەژماری من" یەکێکە لە هەنگاوە ستراتیژییەکانی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بەدیجیتاڵکردنی مووچەی فەرمانبەران و هێزە ئەمنییەکان، ئامانج لێی زیاترکردنی شەفافیەت و خێراکردنی پرۆسەی دابەشکردنی پارەیە.
بەرپرسانی وەزارەتی پێشمەرگە پێشتر چەندین جار ئەوەیان خستە روو، پرۆسەی بەبانکیکردنی مووچەی هێزەکانیان بە خێرایی بەردەوامە و هەموو هەوڵێک بۆ رێکخستنەوەی کاروباری دارایی دەدرێت.