رووسیا: هیچ کاتێکی دیاریکراومان بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ نییە
شاری جنێڤ جارێکی دیکە شاندی دانوستانکاری هەر یەک لە ئۆکرانیا و ئەمریکای کۆ دەکاتەوە، دیداری ئەمڕۆی شاندی هەردوو وڵات بۆ ئامادەکاریی گەڕێکی دیکەی دانوستانکاری سێقۆڵی لەگەڵ رووسیا دەبێت، بەڵام وەزیری دەرەوەی رووسیا لە تازەترین هەڵوێستدا رایگەیاند، هیچ وادەیەکی بۆ راگرتن و کۆتاییهێنان بە جەنگ دیاری نەکردووە.
رۆستەم عومەرۆڤ، سەرۆکی شاندی دانوستانکاری ئۆکرانیا، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسیویەتی "ئەمڕۆ لە جنێڤ بەردەوامین لە هەوڵەکانمان لە چوارچێوەی رەوتی دانوستانەکاندا. کۆبوونەوەیەکی دووقۆڵیمان لەگەڵ شاندی ئەمریکی بە ئامادەبوونی ستیڤ ویتکۆف و جارید کۆشنەر دەستیپێکردووە."
عومەرۆف ئاماژەی بەوەش کرد، جگە لە لایەنی ئابووریی قۆناغی دوای جەنگ لەگەڵ شاندەکەی ئەمریکا تاوتوێی دەکەن، ئەمەش ئامادەکارییە بۆ خولی داهاتووی دانوستانە سێقۆڵییەکان بە بەشداری رووسیا. جەختیشی کردووەتەوە کە "پێویستە پێش گەڕی نوێی دانوستان لەگەڵ رووسیا هەڵوێستەکانیان لەگەڵ ئەمریکا هەماهەنگ بکەن.
لەلایەکی دیکەوە، سێرگی لاڤرۆف، وەزیری دەرەوەی رووسیا رایگەیاند، وڵاتەکەی پەلەی بۆ گەیشتن بە رێککەوتن بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگیی ئۆکرانیا نییە.
لاڤرۆف بە میدیا فەرمییەکانی وڵاتەکەی گوتووە "ئایا هیچ شتێکتان لە ئێمەوە بیستووە دەربارەی وادەی کۆتایی؟، ئێمە هیچ وادەیەکمان بۆ کۆتایی پێهێنانی جەنگ نییە، بەڵکو ئەرکمان هەیە و کار بۆ جێبەجێکردنیان دەکەین."
هەر لەمبارەوە دیمیتری پێسکۆڤ، گوتەبێژی کرێملن رایگەیاندووە، هێشتا زووە بۆ هەر پێشبینییەک یان دیاریکردنی ئەو قۆناخەی کە پڕۆسەی ئاشتی پێی گەیشتووە.
هێرشی نوێ و ئاڵوگۆڕی تەرمەکان
کۆبوونەوەی ئەمڕۆی جنێف لە کاتێکدایە، تەنیا لە شەوی رابردوودا رووسیا لە هێرشەکانی بۆ سەر ئۆکرانیا، نزیکەی 420 دۆرن و 39 مووشەکی بەکارهێناوە، دوای هێرشەکانیش ڤۆلۆدیمێر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا رایگەیاند، بەهۆی ئەو هێرشانەوە دەیان کەس بریندار بوون کە منداڵیشیان تێدایە.
پێش کۆبوونەوەکەی شاندی دانوستانکاری ئۆکرانیا لەگەڵ شاندەکەی ئەمریکا، مۆسکۆ لە بەرانبەر وەرگرتنەوەی تەرمی 35 سەربازی رووسی، 1000 سەربازی ئۆکرانی رادەستی کیێڤ کیێڤ کردەوە، ئەمەش تاکە پرۆسەیە نێوان هەردوو وڵاتە لە سەرەتای جەنگی نێوان تاوەکوو ئیستا بە بەردەوامی پابەندی بوون.
فشارەکانی ئەمریکا لەسەر کیێڤ
واشنتن فشار دەکات بۆ کۆتاییهێنان بەو جەنگەی کە لە 24ی شوباتی 2022ـەوە بە داگیرکاریی رووسیا دەستیپێکردووە، بەڵام ئۆکرانیا و وڵاتانی ئەوروپی تێبینیان لەسەر ئامانج و مەبەستەکانی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ هەیە بۆ کۆتاییهێنان بەم جەنگە، گومانیان هەیە فشارەکانی ترەمپ بۆ ئەوە بێت ئۆکرانیا بە دەستبەردابوون لە خاک سازش بۆ مۆسکۆ بکات. لەمبارەوە زێلێنسکی لە چاوپێکەوتنێکدا گوتی "ناکرێت زۆربەی فشارەکان بخرێنە سەر ئۆکرانیا، لە کاتێکدا رووسەکانە دەستپێشخەری جەنگ بوون و ئەوان هێرشییەکان کردە سەر ئۆکرانیا.